واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی چاڵاکیەکانی لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە سوریا لەلایەن رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتویەتی: "کاری چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە سوریا بەرز دەنرخێنین کە بەخێرایی کارەکانیان بەرەو کۆتایی دەبەن و ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیە. ئێمە دەخوازین ھەموو چەکی کیمیایی لە سوریا لەناوببرێت و ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی شەڕی ناوەخۆی سوریا."
لە راگەیەنراوەکەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھەروەھا ھیوا دەخوازێ کە ھاوکاریەکانی خۆراکی و تەندروستیش بەپەلە بگەیەنرێنە گەلی سوریا.
لەبارەی ھاوکاریکردن و پشتگیریکرنی ئەمەریکا لە رێکخراوی لەناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا، کیری گوتی: "ئەمەریکا شەش ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردووە."
بەھۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە شەڕی ناوخۆیی سوریا زیاتر لە ١٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.