ئەنقەرە
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی لە بارەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا رایگەیاند: "لە داھاتوویەکی نزیکدا ھێڵی نەوتی نێوان ھەرێم و تورکیا دەکەوێتە کار، دەمانەوێ نەوتی ھەرێم لە رێگەی تورکیاوە ھەناردەی بازارەکانی جیھان بکەین. ھەردوولا لەو بارەوە گەیشتینە رێککەوتنێک."
سەفین دزەیی گوتی: "کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکیا زۆر باش و دۆستانە بوون، کۆبوونەوە و ئالوگۆڕکردنی ئەوجۆرە بیروڕایانە سودی زۆری بۆ ھەر دوولا ھەیە."
دزەیی وەبیری ھێنایەوە کە ئەمساڵ ئەمە سێیەمین سەردانی نێچیرڤان بارزانییە بۆ تورکیا و دوایین سەردان لە سەر داوەتی فەرمی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، لە میانی کۆبوونەوەکاندا باسی چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، رەوشی سوریا و عێراق کراوە و ھەردوولا جەختیان لە سەر پەرەپێدان و بەردەوامبوونی پەیوەندییە ھەمەلایەنەکانی نێوان خۆیان کردەوە و لە بواری وزەدا ھەنگاوی زۆر گرنگیان ناوە.
سەفین دزەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: "دۆسیەیەکی گرنگ لە بواری وزە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا ھەیە و لە سەر ئەو دۆسیە کاری زۆر باش کراوە. لە داھاتوویەکی نزیکدا ھێڵی نەوتی نێوان ھەرێم و تورکیا دەکەوێتە کار و نەوتی ھەرێم لە رێگای تورکیاوە ھەناردەی بازارەکانی جیھان دەکرێ.
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان باسی ناڕەزایەتییەکانی بەغدای لە بواری ھەناردە کردنی نەوتدا کرد و گوتی: "ھەرێمی کوردستان ھیچ کارێکی نایاسایی ئەنجام نەداوە، ھەرێمی کوردستان پابەندی یاسا و رێساکانە و ئەو کارانەی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیداون، لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا ئاماژەیان پێکراوە. ئەگەر نەوتی ھەرێم ھەناردەی بازارەکانی جیھان بکرێ سودیشی بۆ عێراق دەبێ، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم سودی بۆ بەغدا و ئەنقەرە ھەیە.
سەفین دزەیی رایگەیاند: "لەو کۆبوونەوە دووقوڵییانەدا باسی رەوشی سوریا و تراژیدیای مرۆیی لە سوریا کراوە و جەخت لە سەر پەلەکردن بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لە سەر ئاستی جیھانی بۆ ئەو قەیرانە و کۆتایی ھێنانی بە تراژیدیای مرۆیی لە سوریا کراوە."
لە بارەی نزیکبوونەوەی بەغدا و ئەنقەرە لە یەکتر، سەفین دزەیی گوتی: "ئێمە لە نزیکبوونەوەی بەغدا و ئەنقەرە ناترسین، چونکە تورکیا و عێراق دوو وڵاتی دەراوسێن و نابێ پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی دەراوسێ ئاڵۆز بێ."