هەولێر
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم مەولەوی جەبار دەڵێت نا جێگیری سیاسی و نەدانی ڤیزە لەلایەن هەرێمەوە دوو دیاریترین كێشەكانی بەردەم كەرتی گەشتیاریین.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان كۆنفڕانسێكی بەناونیشانی "كێ بەرپرسی لە كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان" بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی كەرتی گەشتوگوزار و ژمارەیەك لە میوانخانە و رێستۆرانت و چێشتخانەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رێكخست.
پاش دەستپێكردنی كۆنفڕانسەكە و وەستان خولەكێك بۆ شەهیدانی كوردستان پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە وتەیەكدا گوتی: "سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004ەوە تا ئێستا پاڵپشتی كردنی كەرتی تایبەت بووە، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی میوانخانە و چێشتخانەكان لە هەرێم نیشانەی پێشكەوتنی ژێرخانی گەشتیارییە بە گشتی، ژمارەی هۆتێلەكان لە هەولێر ئێستا لەسەرەوەی 350 هۆتێلن و شەشیان پێنج ئەستێرەیین و هەشتی دیكەش لە دروستكردندایە و 25یش چوار ئەستێرەن، ئەوانە نیشانەی پێشكەوتنی پایتەختی كوردستان دەكەن".
گوتیشی: "قەیرانی دارایی كە بەغدا بە ناڕەوا دروستیكرد و كێشەی شەڕی داعش و رووبەڕووبونەوەمان لەگەڵ ئەو تیرۆریستانە هۆكارێكی دیكە بوون كە كاردانەوەی نەرێنییان لەسەر سەرجەم سێكتەرەكان هەبووە بەتایبەت گەشتوگوزار".
نەوزاد هادی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە نەبوونی گەشتیار لە ئێستادا یەكێكە لە كێشە گەورەكانی چێشتخانە و مۆتێلەكان و ئەوەش وایكردووە چەندین كێشەی دیكەیان بۆ دروست بێت و ئەوانیش درك بەو كێشانە دەكەن.
لەو كۆنفڕانسەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لەو كۆمپانیایانەش ئامادەبوون كە كاری گواستنەوەی گەشتیار لە ناوچەكانی هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق یان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن و چەندین خاوەنی هۆتێل و چێشتخانە قسە و گلەیی خۆیان لەو بارودۆخە كرد كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دروست بووە.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم مەولەوی جەبار لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبوانی كۆنفڕانس باسی لەوەكرد كە چەند ركابەرایەتییەكی قورس لەبەردەم كەرتی گەشتیاری هەیە لەوانە بە قسەی ئەو بە پلەی یەكەم بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و هەروەها پێدانی ڤیزەش كە هەرێمی كوردستان نایدات و ئەوەش لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دەدرێت.
گوتیشی: "داوامان لە وەزارەتی نێوخۆی هەرێم كردووە بۆ ئەوەی ڤیزەی گەشتیاری بۆ ئەو گەشتیارانە دابین بكەین كە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن".
پاشان سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان هێرش چاوشین لە وتەیەكدا ئاماژەی بۆ دیارترین ئەو كێشانە كرد كە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە رووبەڕووی كەرتی گەشتیاری لە هەرێم دروست بووە.
هێرش چاوشین لەوبارەیەوە گوتی: "هاتنی ئاوارەكان قورساییەكی زۆری خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ بینیی شوێن و مۆڵ و شوێنەكانی مێژوویی و پاركەكان ئەوانە گەشتیارن، بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین داهاتی گەشتیار زیاتر بكەین".
گوتیشی"بەهۆی نەهاتنی گەشتیارانەوە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 100 میوانخانە داخراون، ئەوانەشی دانەخراون رێژەی كاركردنییان 80 لەسەد كەمی كردووە، ئەوەش وای لە خاوەن میوانخانەكان كردووە 60 لەسەدی كارمەندەكانییان بنێرنە ماڵەوە".
ئەو گلەییشی لەوەكرد كە رێوشوێنەكان بەرامبەر بە گەشتیاران لە دەروازەكانی پارێزگاكانی هەرێم قورسە و هێشتا مامەڵەیەكی نا دروست لەگەڵ بەشێك لە گەشتیاران دەكرێت، بەتایبەت لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە.
هەروەها رەخنەی داخستنی بەشێك لە مەساجخانەكانی هەرێم و دیاریكردنی كاتی خواردنەوەی خواردنەوە كهولییەكان كرد و گوتی: "دەبێت ئەوانە چارەسەر بكرێن".
داواشی كرد كە ئەو شوێنانەی مۆڵەتی گەشتوگوزارییان هەیە و داخراون بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵە لەماوەی 30 رۆژدا دابخرێت، ئەگەر نا هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای كرد.
هەروەها داواشی كرد كە تەنها لایەن دەستەی گەشتوگوزار بێت بتوانێت شوێنەكان دابخات، هەروەها بە پێویستیشی زانی ئاوارە و گەشتیاران لەیەكتر جیابكرێنەوە لە دەروازەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێم.
پاش ئەو وتانە دەرگای گفتوگۆی كراوە كرایەوە و هەموان باسی كێشە و كەموكوری و ئەو كێشە و گرفتانەیان كرد كە كەرتی گەشتیاری بەدەستییەوە دەناڵێنێت.