ژنێڤ
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مون داوای كرد لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا بەلانیكەمەوە دوو هەفتە ئاگربەست لە یەمەن رابگەیەنرێت تا بتوانرێت ھاوكاری مرۆیی پێشكەشی خەڵكی یەمەن بكرێت.
بان كی مون لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری ژنێڤ بە جیا لەگەڵ شاندی سعوودیە و ئەو وڵاتانەی پشتگیری ئاشتی لە یەمەن دەكەن كۆ بووەوە. دوای ئەو كۆبوونەوەیە بان كی مون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "دیدارێكی زۆر باشم لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەتی یەمەن ئەنجامدا و دواتر نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی یەمەن دەكەن لە بارودۆخەكە ئاگادار كرانەوە".
بان كی مون گوتی: "ھێشتا نوێنەری حوسییەكان نەگەیشتووتە ژنێڤ و ئامانجمان ئەوە بوو كە بەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی ھاوبەش ساز بكەین بەڵام بە ھۆی چەند پرسێكی لۆجستیكییەوە رێكنەكەوت و جێگای خۆشحاڵییە كە لایەنی بەرامبەر لە رێگادایە و لە چەند سەعاتێكی داھاتوودا دەگاتە ژنێڤ بەڵام ناتوانم چاوەڕوانی ئەوان بكەم و نوێنەری تایبەتی ئێمە بۆ كاروباری یەمەن لەگەڵ ئەواندا كۆ دەبێتەوە".
بان كی مون گوتیشی: "ئەمڕۆ یەمەن لە ژێرھەڕەشەیەكی زۆر گەورە دایە لایەنەكان لە شەڕدان و یەمەن دەسوتێت بۆیە داوا لە لایەنەكان دەكەم كۆتایی بەشەڕ بھێنن و پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی بكەن".
بان كی مون لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "سەدا ٨٠ی خەڵكی یەمەن پێویستی بە ھاوكاری مرۆیی ھەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش یەك دەقیقە كاتمان نییە كە لە دەستی بدەین و شەڕی یەمەن دەبێتە ھۆكاری بەھێزبوونی بێ رەحمترین تیرۆریستانی جیھان و ناوچەكەیش توانای ھەڵگرتنی برینێكی كراوەی وەكو سووریا و لیبیای نییە".
بان لە بەردەوامی قسەكانیدا باسی لە گرنگی مانگی رەمەزان كرد و گوتی: "بۆ گەیاندنی ھاوكاری مرۆیی بۆ خەڵكی یەمەن بەلانیكەمەوە پێویستیمان بە ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی ھەیە، مانگی رەمەزان مانگێكە كە خەڵك تێیادا بە ئاشتی، ئارامی و ئاسوودەیی نزا دەكەن و پێویستە لە مانگی رەمەزانیشدا خەڵكی یەمەن لە ئاشتیدا بژیت".