29 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2019
بەیروت ـ AA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێگایەکی داخراو لە ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای وڵاتەکە.
حەریری لە گوتارێکدا بۆ رای گشتی لە شوێنی مانەوەی لە بەیروتی پایتەخت، رایگەیاند:" لەو ماوەیەدا ھەوڵمدا بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک کە لەو رێگایەوە گوێ لەدەنگی خەڵک بگرین، ھەروەھا وڵات بپارێزین لە مەترسییەکانی ئەمنی و بژێوی".
حەریری گوتی:" نایشارمەوە کە من گەشتمە رێگایەکی داخراو لە دۆزینەوەی چارەسەر ، بۆیە دەچمە کۆشکی کۆماری لە بەعبەدا تاوەکو دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەم رادەستی سەرۆک میشێل عەون بکەم".
سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە ھەمووان کرد بەھەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی لوبنان و ھەستانەوەی ئابووری وڵاتەکە .
بەگوێرەی راگەیاندنی ناوخۆی لوبنانی ، دواتر سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری چووەتە کۆشکی کۆماری و دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی رادەستی سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون کردووە ، دواتر بەبێ ھیچ لێدوانێک کۆشکی بەعبەدای بەجێ ھێشتووە.
دەستلەکارکێشانەوەی حەریری لە رۆژی سیازدەھەمینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لوبنانییەکاندایە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە.
دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی حەریری، لە چەند ناوچەیەک خۆپیشاندەران دەستیان بە ئاھەنگ گێڕان کرد.
پێش گوتارەکەی حەریری، لایەنگرانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە لوبنان، ھێرشیان کردبوویە سەر خۆپیشاندەران لە دوو گۆڕەپانی ناوەڕاستی بەیروت ، ھەروەھا لە ناوچەیەکی تردا ھێرشیان کردبووە سەر چەند تیمێکی راگەیاندن کە سەرقاڵی رووماڵی خۆپیشاندانەکان بوون.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە رۆژی ١٧ی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە، ئەوەش بۆ ناڕەزایی دەربڕین و رەتکردنەوەی پڕۆژەیەکی حکوومی بۆ زیادکردنی باج لەسەر ھاووڵاتیان لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٠ ی وڵاتەکەدا ، دواتر ئاستی داواکارییەکانیان بۆ لەکارخستنی حکوومەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرز کردەوە.