كەركووك – هەژار رەشید
جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان حوسێن یەزدان پەنا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "لە سەرەتای شەڕی داسەپێنراوی داعشەوە هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان خۆیان گەیاندە بەرەكانی شەڕ و كەم بەرەی شەڕ هەیە كە هێزەكانمان تێیدا بەرنگاری دوژمن نەبووببنەتەوە وئێستایش بەشێوەی دیاریكراوی كە زیاتر لە 11 مانگە لە سنووری رۆژئاوای شاری كەركووك لە شارۆچكەی دووبزدا بوونمان هەیە و جگە لەوەیشی هێزی خۆشەوی خەلیلی پارتی ئازادی لە سنووری باشیكدان".
گوتی: "هێزەكەی ئێمە وەكو پێكهاتە لە هەموو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی تێدایە و لەڕووی رەگەزەوە هێزەكە ژن و پیاوی تێدایە لەگەڵ ئەوەیشدا خول و راهێنانی سەربازی یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی هێزەكانمان".
لە بارەی چەكوتەقەمەنی و هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە یەزدان پەنا گوتی: "لەڕاستیدا ئێمە كەهاتینە شەڕەوە بە توانای خۆمان هاتووینەتە شەڕ و ئێستایش هەر پشت بەتواناكانی خۆمان دەبەستین، بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست نەبێت ئێمە نەفشارمان هێناوە نەچاوەڕوانیمان دەبێت وەكو هێزەكانی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگە كاریان بۆ بكەن گرنگیش ئەوەیە ئەو تواناكانی مرۆڤی و چەكوتەقەمەنی خۆمان خستووەتە خزمەت ئەم شەڕە بە ئامانجی تێكشكاندنی داعش و پارێزگاریكردن لە سەرجەم كوردستان بەتایبەت شاری كەركووك و دەورووبەری.
یەزدان پەنا نەیشاردەوە كە هێزەكانی هاوپەیمانان وەك راوێژكار هاتوون كە یارمەتی دەری راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگەن و گوتی: "بەیەك چاو تەماشای هێزەكان دەكەن ئێمەیش هێزێكین بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش بەڕادەیەكی باش كەوتووینەتە بەرچاوی هاوپەیمانان و مامەڵەیشیان زۆرباشە لەگەڵمان بۆیە سوپاسیان دەكەین".
بەرپرسی ژووری پەیوەندەییەكانی هێزی خۆشەوی خەلیلی پارتی ئازادی كوردستان عەبدوڵڵا محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەوەی كورد تووشی بووە لە گەڵ تیرۆریستانی داعش هەموو لایەك دەزانن ئەوان بەدڕندەیی هاتنە شەڕ كردن لەوانە كوشتن و سەربڕین و ئاگردانی مرۆڤ جگە لەوەیش لە سەرەتادا چەكیان لە پێشمەرگە زۆرتر بوو لەگەڵ ئەوەیشدا هەرگیز نەیتوانیوە پێشمەرگە بشكێنن چونكە هەمیشە پێشمەرگە لەناوچەكان بوونیان هەیە بۆ نموونە ئەم ناوچەیە سەرجەمی لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش بوو پێشمەرگە توانی وەری بگرێتەوە ".
گوتی: "زیاتر لە 11 مانگە وەكو هێزەكانی پارتی ئازادی لە بەرەكانی جەنگداین و لە زۆربەی شەڕەكان بەشداریمان كردووە و داعش ئەوەنەبووە كە خەڵك گەورەی كردووە بەڵكو ئەوان بە كارەكانیان ترسیان خستوەتە دڵی هاووڵاتییانەوە جگە لەوەیش كورد خۆی ئامادە نەكردبوو بۆ شەڕێكی لەم جۆرە بەڵام سەپێنرا بەسەر كوردا بۆیە ئێمە بەوە دڵخۆشین داعش نەیتوانیوە بستێك خاكمان داگیر بكات بەڵكو ئێمە ناوچەكانی ئەوانمان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە".
یەكێك لەو پێشمەرگە ئافرەتانەی لە بەرەكانی جەنگدا بوو لە بەرزاییەكانی خەرابەڕووت ئەزیتا شەریف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "كوردستان ووڵاتی هەمووانە هیچ جیاوازی نییە لە نێوان ئافرەت و پیاو كەواتە بەرگری كردن و پاراستنی ئەم خاكە ئەركی هەردوو رەگەزە بۆیە ئافرەتی كورد دەتوانێت زۆر بەسەركەوتوانە ئەو قسانە رەت بكاتەوە كە ئافرەت ناتوانێت بەرگری لەخاك بكات و ئەوكارانە پیاو دەیكات ناتوانن ئەنجامی بدەن ئەوەی ئێستا هەیە لە سەنگەرەكانی بەرگریدا ئافرەت شان بەشانی پیاو بەرگری دەكات هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ پیاودا نییە".
ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "ئەو ئافرەتەی دەتوانێت یان بەرگری بكات یان هەستی نیشتیمانی هەیە دەتوانێت بەشدار بێت لەگەڵمان جگە لەوەیش بەرگریكردن لە نیشتیمان تەنیا ئەوە نییە كە چەكی شەرەف هەڵبگرێت، دەتوانێت منداڵەكانی بەشێوەیەكی كوردپەروەرانە بەخێو بكات، چونكە شوڕش هەر ئەوەنییە چەك لە شان بكەیت بەڵام ئەوەی دەتوانێت بێتە سەنگەرەكان رۆڵێكی شێرانە بۆ پاراستنی نیشتیمانەكەی دەبێت" .
هێزەكانی پارتی ئازادی كە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ پێكهاتوون و سەرجەمیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن بەشێوەیەكی خۆبەخش چوونەتە سەنگەرەكان بۆ شەڕكردن لە گەڵ تیرۆریستانی داعش و دابەش بوونە بەسەر دوو ناوچەی جیاواز بەشێكیان لەسەر چیای باشیكن و بەشەكەی دیكەیان لە بەرزاییەكانی خەرابەڕووتن كە دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای كەركوو بەدووری نزیكەی 40 كیلۆمەتر لەو شارەوە و ژمارەیشیان لە سنووری كەركووك بە ئافرەت و پیاو نزیكەی 450 كەسە.