هەولێر - ھێمن بابان
لە كۆتایی ساڵی رابردوو لێژنەكەی پەرلەمان داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردبوو بەهۆی كوالیتی خراپ، پیسكردنی ژینگە و هۆكاری دیكە پاڵاوگەكانی نایاسایی لە هەرێم دابخات.
بڕیاردەری لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رۆزا مەحموود لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە نیازی رێكخستنەوەی پاڵاوگەكانی نایاساییە و داخستنی بەشێكیانە بەپێی قسەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاشتی هەورامی".
لەوبارەیەوە گوتی: "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەدیاریكراوی خودی وەزیر پێی راگەیاندووین كە بەنیازی رێكخستنەوەی پاڵاوگەكانی نایاسیین كە ئێستا رۆژانە هەریەك لەو پاڵاوگانە 30 بۆ 40 هەزار بەرمیل نەوتی خاویان لەلایەن حكوومەتەوە پێدەدرێت".
ناوبراو روونیشی كردەوە وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مانگی پێشوودا پێی راگەیاندین پاڵاوگەكان رێكدەخەنەوە و بەشێكشیان دادەخەن، بەپێی رێكخستنەوەكە ئەو پاڵاوگانەی كە توانای بەرهەمهێنانیان زۆرە مۆڵەتییان پێدەدرێت و لەگەڵ مەرج و رێنماییەكانی نوێی وەزارەت دەگونجێندرێن، هەرچی پاڵاوگەكانی بچووكن و ئەوانەیە كە توانای بەرهەمهێنانییان كەمە ئەوا دەتوانن لە نێو خۆیاندا چەند پاڵاوگەیەكی بچووك یەكبگرن و پاڵاوگەیەكی گەورە دروست بكەن، ئەوەیشی دەمێنێتەوە دادەخرێن".
بەپێی راپۆرتێكی پێشتری رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان كە لەلایەن سەرۆكی لێژنەی سامانە سروشتییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دكتۆر غالب محەمەد عەلی-یەوە ئامادەكراوە لە هەرێمی كوردستان 500 پاڵاوگەی نایاسایی هەن.
رۆزا مەحموود لەو لێدوانەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەكرد كە پاڵاوگەكانی نایاسایی هەرێم كوالیتیی بەرهەمەكانییان خراپن و كاریگەریی نەرێنییان بۆ سەر ژینگە دروست كردووە، سەرباری ئەوەی بەشێوەی نایاسایی چەندین كەسی پێ دەوڵەمەند بوون لەسەر حسابی هاووڵاتییان.