موسڵ
ئەو بنكه سهربازییهی كه ناوی "بنكهی سهربازیی ئازاد کردنەوەی شاری موسڵ"ی لێنراوه، دوو کیلۆمهتر لە چەکدارانی داعشەوە دووره و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەیانپارێزێت و نزیکەی حەوت هەزار پۆلیس و دوو هەزار سەربازی سەر بە هێزی سوات لەو بنكه سهربازییهدا مەشق و راهێنان دهكهن.
لهوبارهیهوه فەرماندەی بنكه سهربازییهكه لیوا خالید حەمدانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد كه زیاتر لە مانگێکە لەو بنكه سهربازییه دەستیان بە مەشقی بەردەوام کردووە و هەموو ئامادەکاری و پێداویستییەکانیان بۆ فەراهەم کراوە، بەو ئامانجەی لە ماوەیەکی نزیکدا شاری موسڵ کۆنترۆڵ بکەن.
حەمەدانی چۆنییەتی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵی باس کرد و گوتی: "ورەی ئەفسەر و سەربازەکانی سەربازگەکە زۆر بەرزە و چەک و تەقەمەنی باشیان بەدەست گەیشتووە و هەندێک پێداویستی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دهگاته دهستیان، وەک چەکی قورس و مامناوەند و هەندێک چەکی دیکەی سەربازیی، ئەو کات توانایان دەبێت بە هاریکاری لۆجیستی ئەمریکا و پێشمەرگە دەست بە شەڕی ئازاد کردنەوەی شاری موسڵ بکەن".
دەربارەی کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە، فەرماندەی بنكهی سهربازیی "ئازاد کردنەوەی موسڵ" گوتی: "ئێمە لە ئامادەباشیداین لە هەر کاتێک ئەو ئەرکە نیشتیمانییە گرنگە جێبەجێ بکەین، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەو هێزە مەشقی لەسەر شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و شەڕی سهنگهرهكانی پێكراوە و توانای باشی هەیە، هەر کاتێک فەرمان لە بەغدا و شوێنە باڵاکانی دیکەوە بگات، ئامادەین شەڕ بکەین".
هەروەها خالید حەمدانی ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ كرد و گوتی: "هەرچەندە داعش لەچاو رابردوودا بێهێز بووە و توانای بەرگری کردنی نەماوە و خەڵکی شارەکەش پشتیان تێکردووە، بەڵام پڕۆسەی ئازاد کردنەوەی موسڵ ئەگەر لە رێگەی هاریکاری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاریکاری لۆجێستی پێشمەرگەوە نەبێت، کارەکە بۆ ئێمه زەحمەتتر دەبێت و ناتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو شارە ئازاد بکرێت".
لە کۆی 24 هەزار پۆلیسی شاری موسڵ، حەوت هەزار پۆلیس لەگەڵ نزیکەی دوو هەزار سەربازی سەر بە هێزی سواتی عێراق لەو بنكه سهربازییه مەشق و راهێنان دهكهن و دوای سەردانەکەی وەزیری بەرگریی عێراق خالید عوبیدی لە رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی رابردوو، لایەنی عێراق داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو فیرقەیەک لە نۆ هەزار ئەفسەر و سەربازی پێشووی سوپای عێراق لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و بەكاربهێنرێن بۆ کۆنترۆڵ كردنەوەی شاری مووسڵ.
شاری موسڵ کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای عێراق، دوای بەغدای پایتهخت دووەم گەورەترین شاری عێراقه و زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە عەرەبی سوونە و بەشیکی دیکەشی كورد و توركمان و مهسیحین، رۆژی ٩ی حوزیرانی رابردوو لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئێسلامیی ناسراو بە (داعش)، دوای پاشەکشەی سوپای عێراق، کۆنترۆڵ کرا.