ئەنقەرە
دوای کۆبوونەوەیەکی یەک سەعات و نیوی کە لە باڵهخانهی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانی بۆ سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن رێكخرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا سەبارەت بە پرسی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هەدەپە ههروهها لێدوانهكانی ئهم دواییهی پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ لەسەر لیستی هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر، داودئۆغڵو رایگەیاند هەر کە حکوومەتیان دامەزراند، راستەوخۆ میکانیزمی قۆناغی چارەسەرییان دهستپێكردووە و هەموو پێشهاتەکانی قۆناغەکە بە باشی بەڕێوە دهچووە، تا ئەو کاتەی رووداوەکانی ٦-٧ ی تشرینی یەکەم روویاندا.
لهوبارهوه داودئۆغڵو گوتی: "جارێکی دیكهش هۆشداری دەدەمە ناوبراو ئەگەر ئەم بانگەوازانەیان بەردەوام بێت، ئەوە بەڕێز دەمیرتاش بەرپرس دەبێت لەهەر دڵۆپە خوێنێک کە دەڕێژرێت و دەبێت هەرچی زووە ئەم بانگەوازانە کۆتاییان پێ بێت. ئەگەر ناڕازین بەرامبەر به بریاڕێک، با لەناو پەرلەماندا باسی لێوە بکەن و سیاسەتێکی دیموکراتییانە بکەن. لە تورکیا هەموو کەس مافی کۆبوونەوە و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی هەیە و پاراستنی ئاسایشی ئەوان لەسەر شانی ئێمەیە. یەکێک مۆلۆتۆڤ بەکاربێنێت، ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات و بڵێت من خۆپیشاندانی هێمنانە ئهنجام دهدهم".