هەولێر
پارێزگاری موسڵ ئەسیل نوجێفی کە پارێزگاکەی ئێستە لە کۆنترۆڵی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدایە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا لەمەڕ نێوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەم سەفەرە تایبەت بووە بە رەوشی موسڵ و پرسی ئاوارەکان و ئازادکردنی ئەوشارە. ئێمە سەرەتا لە ویلایەتی شیکاگۆ چاومان کەوت بەپیاوانی ئایینی و هەندێ رێکخراو و دواتر لە واشینتۆن ژمارەیەک کاربەدەستی ئەو وڵاتەمان دیت و هەروەها دانیشتنمان هەبوو لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرکۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق".
ناوبراو لەمەڕ هەوڵی بۆ دۆخی ئاوارەکانی موسڵ گوتی: "لە قۆناغی ئێستە ئاوارەکان کە نێزیک ملیۆنێک دەبن لە هەرێمی کوردستانن و ئێستە بۆ ئاوارەکان پێویستیمان بە بواری تەندروستی و هەروەها پەروەردەیە و ئەو خواستەمان راگەیاندووە".
نوجێفی دەربارەی نێوەڕۆکی قسەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی موسڵ گوتی: "سەبارەت بە پرسی لایەنی سەربازی بۆ ئازادکردنی موسڵ داوامان لە ئەمریکییەکان کرد هاوکارمان بن و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەین. ئێستە ١٥ هەزار هاووڵاتی سنووری موسڵ لە دهۆک راهێنانی سەربازییان پێ دەکرێ بۆ ئازاد کردنی موسڵ و دەمانەوێ لە کاتێکی دیاریکراودا ئەو شوێنانە کۆنترۆڵ بکەینەوە بەڵام پێویستیمان بەهاوکاری سەربازی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراقە".
پارێزگاری موسڵ هەروەها راشیگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا هەمان هاوکاری کە بۆ هەرێمی کوردستان کردیان بۆ ئەوانیش دەکەن و گوتی: "لەو سەردانەدا باسی ئەوەمان لەگەڵ ئەمریکییەکان کرد دەمانەوێت چارەنووسی سوننە لە عێراق دیار بێت".
ناوبراو لە کۆتاییدا لەبارەی هاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراق و رۆڵیان لە کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ گوتی: "لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە هاوکاریداین و دیارە نابنە جێگرەوەی سوپا بۆ ئازادکردنی موسڵ و پاش ئازادکردنیشی".
هەژیی گۆتنە پارێزگاری موسڵ کاتێکی دیاری کراوی بۆ کۆنترۆڵکردنی موسڵ رانەگەیاند و تەنها باسی خۆئامادەکردنی هێزەکانی خۆبەخشی کرد.