Zana Natık Kerem
11 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن سەبارەت كاری تیمی لێكۆڵێنەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی داعش رایگەیاند كە حكوومەتی عێراق بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی تیمەکە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن پێشوازی لە سەرۆكی تیمی لێكۆڵێنەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی داعش، كەریم ئەسعەد ئەحمەد خان كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە دیدارەكەدا، سەبارەت بە گرنگی سەركەوتنی كارەكانی تیمی لێكۆڵێنەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی داعش لە بەدیهێنانی دادپەروەری گفتوگۆكراوە و لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاندووە كە حكوومەتی عێراق بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی تیمەکە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە دیدارەكەدا، هەردوولا جەختیانكردووتەوە لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و كاری هاوبەش لە سەرجەم بوارەكاندا لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامی باش.
ئەوەیش خراوەتەڕوو كە سەرۆكی تیمی لێكۆڵێنەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی داعش، كەریم ئەسعەد ئەحمەد خان كار و چالاكییەكانی ماوەكانی رابردوو تیمەکەی لە عێراق خستووەتەڕوو.