ساڵی ١٩٨٨ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن، شاری سەیدسادق لە خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، دوای راگوازتنی دانیشتوانەکەی، بە تەواوی تەختی زەوی کرد و دارو پەردووی خانووە رووخێنراوەکانیشی فڕێدایە دەرەوەی شارەکە.
هەروەها حکومەتی عێراق شاری قەڵادزێی وێران کرد و دانیشتوانەکەی راگوازت. ئەو شارە ساڵی ١٩٧٤ بە بۆردمانی قورسی سوپای عێراق کەوت و چەندین کەس بوونە قوربانی ئەو بۆردمانە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وێڕای راگەیاندنی هەواڵی بە جینۆساید ناساندنی دۆزی قەڵادزێ و سەیدسادق لە لایەن دادگای عێراقم پیرۆزبایی لە خەڵکی ئەو ناوچانە کرد.
بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، زیانلێکەوتووانی ئەو ناوچانە قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئارام ئەحمەد، وەزیری کار و باری شەهیدان رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان، ١٤ کەیسی تایبەت بەو تاوانە نێودەولەتیانەی رژێمی بەعس ئەنجامی داون، ماون تا لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کاری لەسەر بکا.
ئایەت کاکەیی، پارێزەری ھەردوو دۆزی پشدەر و سەیدسادق لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق بڕیاری خۆی لە سەر ھەدوو دوسێی پشدەر و سەیدسادق داوە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناوی بردووە. هەروەها بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ژمارە١٠ی ساڵی ٢٠٠٥، پرۆسەی وێرانکردنی سەیدسادق و پشدەر دەچنە چوارچێوەی ئەنفالەوە."
کاکەیی گوتی: "ئێمە کار دەکەین لە سەر چەندین دۆسێی دیکەی جینۆساید بۆ نموونە دۆسێیگوندی سۆرێ لە پارێزگای دهۆک کە دانیشتوانی ئەو گوندە مەسیحین و لە سەردەمی بەعس قەشە و دانیشتوانی گوند کۆمەڵکوژ کراون. لەگەڵ چەندین دۆسێی دیکە."
لەبارەی قەرەبووکردنەوی زیانلێکەوتووانی سەیدسادق و پشدەر، کاکەیی ئاماژەی بەوەدا بە پێی یاسای جێبەجێکراوی ئەنفال، دەتوانن داوای قەرەبوو بکەن.