Hemn Baban
19 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2015
هەولێر
سەرۆكی پێشووتری دەستەی نەزاهە لە عێراق دەڵێت "بەداخەوە لەعێراق شتێك نییە بەناوی بێ لایەنی یان سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی یاسا".
سەنتەری دیجلە بۆ پلاندانانی ستراتیجی سیمینارێكی لە ژێر ناونیشانی "چەند تیشكێكی زانستی لەسەر واقیعی ئێستای عێراق" لە هۆتێل بێست ئین ئەربیل لە شاری هەولێر رێكخست كە تێیدا چەندین توێژەر و لێكۆڵەری پسپۆر بە بارودۆخی سیاسیی عێراق لە سەرجەم زانكۆ و سەنتەرەكانی توێژینەوە لە عێراق بەشدارییان تێداكردبوو.
سەرەتا بیرمەندی سیاسیی عێراق دكتۆر عەبدولحوسێن شەعبان لە وتارێكدا گوتی: "دەبێت ئەوە بزانیین كە عێراقی پێش و پاش داعش یەك عێراق نییە و زۆری جیاوازە ئەوەیش بەهۆی هۆكاری خودی و دەرەكیش".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد رەنگە فیدراڵییەت شێوازێكی گونجاو بێت لە ئێستادا بۆ حوكمڕانی لە عێراق و گوتیشی: "ئەوانەی دوێنێ زۆر دژایەتی پرۆژەی فیدڕاڵییەتییان بۆ عێراق دەكرد ئێستا لەوپەڕی قەناعەتدان كە باشترین چارەسەرە، ئەوانەشی تا دوێنێ تەواو قایل بووبوون بەوەی فیدڕاڵییەت تاكە دەروازەی چارەسەری كێشەكانە، كە مەبەستم لە شیعەیە كە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان ئەمڕۆ زۆر دوودڵن لەوەی جێبەجێی بكەن بەهۆكاری تایفی، بۆیە بەتەنها كورد ماوەتەوە لەسەر بۆچوونی خۆی كە هەر زوو داوایان كرد و شیوعییەكان و عەلمانی و دیموكراسییەكان پاڵپشتییان لێكردن".
شەعبان هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە عێراق وڵاتێكی شكستخواردووە و هۆكارەكەشی بۆ چەند خاڵێك گەڕاندەوە و بۆ ئامادەبووانی شی كردەوە و گوتی:" عێراق وڵاتێكی شكستخواردووە چونكە نەیتوانیوە سەربەخۆیی نیشتمان بپارێزێت، جگە لە داگیركاری ئەمریكا ئەوەتا داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیركردووە، هەروەها شكستخواردووە چونكە نەیتوانیوە گەشەپێدانی ئابووری بەدی بهێنێت، نە پیشەسازی و نە كشتوكاڵی نەماوە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە پرۆسەی پەروەردەدا رووبەڕووی تێكەڵبوونێكی مەزهەبی و تایفی لەو پرۆسەیە بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق نەیتوانیوە كەمترین دادپەوەریی كۆمەڵایەتی بەدی بهێنێت بەلانیكەم نەیتوانیوە گیان و موڵكی هاووڵاتییان بپارێزێت و سیستەم رێبكخاتەوە".
سیمینارەكەی سەنتەری دیجلە بۆ پلاندانانی ستراتیجی هەشت تەوەر لە خۆ دەگرێت كە بریتیین لە "میكانیزمەكانی بەتاوان دانانی تایفییەت لە عێراق، میكانیزمەكانی چاكسازی سیستەمی دادپەروەری، واقیعی مافی مرۆڤ و كەمینە و ئاوارەكان، دادپەوەریی راگوزەری، گرێبەستی سیاسی، واقیعی كارەبا لە عێراق، چاكسازی ئابووری لە بوونی داتاكان، واقیعی نەخوێندەواری لە عێراق"، وا بڕیارە یەك رۆژ بخایەنێت.
لە بەشی دووەمی سیمینارەكە سەرۆكی پێشووتری دەستەی نەزاهە لە عێراق دادوەر رەحیم عگێلی تیشكی خستە سەر سیستەمی دادپەروەریی لە عێراق و رەخنەی زۆری لێگرت و گوتی: "بەداخەوە لەعێراق شتێك بەناوی بێ لایەنی یان سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی یاساوە نییە، ئەوەی هەیە هەمووی بەحزبی و تایفی كراوە، بەر لە سەربەخۆیی دادگە دەبێت دادوەر بێ لایەن بێت كە ئەمە لە عێراق بوونی نییە".
گوتیشی: "بەداخەوە یاسا لە عێراق لەسەر كەسی هەژار و بێ كەس لە هاووڵاتییانی ئاسایی جێبەجێ دەبێت و ئەو دادوەرەی یاسا لەسەر كەسانی بەرپرس یان دەستڕۆیشتوو جێبەجێ بكات ئەوا یەكسەر دەكوژرێت و لەناودەبرێت، ئەمەش وا نابێت دەبێت رەوشێكی باشتر بۆ دادگا بهێنرێتە كایەوە ئەگەر نا لەرووی یاسا و جێبەجێكردنییەوە عێراق رووخاوە".
دكتۆر شێرزاد نەجاڕ یەكێك بوو لە بەشداربووانی سیمینارەكە، لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ سەنتەری دیجلە ئەم سیمینارەیان رێكخستووە و باسی بارودۆخی عێراق و كەموكوڕیەكانی وڵات بەشێوەیەكی گشتی دەكات، بەڵام بەداخەوە باسی كێشەی كورد و هەرێمی كوردستان لە عێراق نەكراوە كە ئەوە یەكێكە لە كەموكوڕیەكان، هەروەها باسی دەورووبەری عێراق و وڵاتانی دراوسێی نەكراوە كە ئەوەش دەبوو بكرێت".