سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوریا ریاز حیجاب بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێویستە ھەمووان پابەندی بڕیارەکانی کۆنفرانسی جنێڤ١ بن، بە پێچەوانەوە بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ ھەڵەیەکی گەورەیە، ئێمە لە دژی چارەسەری سیاسی نین، ھەمیشە پشتگیریمان لە چارەسەری سیاسی کردووە بەڵام کۆنفرانسی جنێڤ پلانێک نییە بۆ سەپاندنی چارەسەری سیاسی. ئەگەر بێتو رژیمی ئەسەد گیراوەکان ئازاد بکا، بەربەستەکانی ھەموو شارەکان ھەڵوەشێنێتەوە، ھاوکاریی مرۆیی روانەی سوریا بکرێ و دواتر زەمینە بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵات خۆش بکرێ، ئەوا بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ سوودمەند دەبێ."
ریاز کە بۆ سەرۆکایەتیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا خۆی کاندید کردبوو گوتی: "ئامانجم لە خۆ کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە گەڕاندنەوەی ئۆپۆزسیۆن بە ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕش و خاوێن کردنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە بەڕێوەبەرایەتی نە باش بوو. رەنگە لە داھاتوو بەشێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشی سوریا دەست لەکار بکێشنەوە."
لە لایەکی دیکە ئەندامی پێشووی سەرۆکایەتی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سوریا کەمال لەبڤانی گوتی: "بەھۆی ھەڵبژاردنی جەربا بۆ سەرۆکایەتیی ئۆپۆزسیۆن، دەستم لەکار کێشایەوە، ھۆی سەرەکی دەست لەکار کێشانەوەکان ناکۆکی لە سەر بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ ە. چونکە بەشێک لە ئەندامانی سەرۆکایەتیی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشی سوریا دەیانەوێ لە جنێڤ لەگەڵ بەرپرس و نوێنەرانی رژیمێکدا دابنیشن کە دەستی بە خوێنی زیاتر لە نیو ملیۆن خوێنی خەڵکی سوریا سوورە. هەروەها ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆتە کاڵای بەر دەستی ھێزە دەرەکییەکان."