Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2017
نیۆیۆرك ــ AA
نوێنەری هەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، فرانسوا دیلاتەر رایگەیاند كە هەڵوێستی وڵاتەكەیان لەبارەی پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن رژێمی سووریاوە بەرامبەر بە خەڵكی مەدەنی زۆر روون و ئاشكرایە هەروەك چۆن هەفتەی رابردوو سەرکۆمار، ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاندبوو كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە لای ئەوانەوە هێڵی سوورە.
لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان، فرانسوا دیلاتەر گوتی: "وای دەبینین كە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەكی كیمیایی ئێستا بووەتە مەحەك و هەر كەس و لایەنێك هێرشی كیمیایی ئەنجامبدات ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و لەسەرشی سزا دەدەرێت".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایە واشنتۆن بەڵگەی داوەتە فەڕەنسا لەسەر ئەوەی بەشار ئەسەد ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی هێرشی كیمیایی بۆسەر خەڵكی مەدەنی، نوێنەری هەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەكانمان".
هاوكات نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پتەر ویلسۆن رایگەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە هێرشەكەی ئەم دواییەی ئەمریكای كردووە كە دژی رژێمی سووریا ئەنجامی دا.
پتەر ویلسۆن گوتی: "لەو كاتەی بەڵگەمان دەستكەوت سەبارەت بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن رژێمی سووریاوە بەرامبەر بە خەڵكی مەدەنی، ئەوا ئێمەش هەڵوێستمان دەبێت و رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر".
لە ٧ی مانگی نیسانی رابردوو ئەمریكا بە ٥٩ مووشەكی جۆری "تۆماهۆك" بنكەیەکی ئاسمانی رژێمی سووریای لە پارێزگای حمس ناوەڕاستی سووریا بۆردومان كرد.