سلێمانی
جێگری دووەمی سکرتێری (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و سەرۆکی پێشووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەم ساڵح رایگەیاندووە ئەنجامی ھەڵبژاردن نیشانی داوە خەڵکی ھەرێمی کوردستان سیاسەت و کارکردنی یەکێتی لەم قۆناغەدا قەبوڵ نییە.
بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا دەڵێ پێویستە حیزبە دەسەڵاتدارەکان خۆبپارێزن لەدەستکاریی کردنی ئەنجامەکان.
جێگری دووەمی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان نووسیویەتی: ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەوە دەگەیەنێ خەڵکی ئەم وڵاتە سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردن و کارکردنی ئەم قۆناغەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لا پەسەند نییەو رەتی دەکەنەوە، دەبێ پێداچوونەوەی بنەڕەتی بکەین بە ھەڵوێست و سیاسەت و شێوازی کارکردنمان، بەھیوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ئایندە خەڵکی متمانەمان پێ بدەنەوە.
بەرھەم ساڵح وەکو پێ لێنان لەشکستی حیزبەکەیان نووسیویەتی: دۆڕاندن ناخۆشە، بەڵام خۆدزینەوە لە بڕیاری خەڵک شەرمەزارییە، بۆیە ھەر کەس و لایەنێک بەھەر پاساوێک بەتەمای یارییکردن بێ بە بڕیاری خەڵک بە پێچەوانەی بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی، ھەروەھا پێچەوانەی ویستی ئەندامانی یەکێتی و خەڵکی دەبێ، لە پاڵ ناخۆشی و دۆڕاندن، شەرمەزاری و ریسوایی بە خۆی دەگەیەنێ و بە دڵنیاییەوە ئەنجام تووشی سزای یاسایی دەبێ.
بەرھەم ساڵح لە درێژەی پەیامەکەیدا ھۆشداریی دەدا " خۆ گێلکردن لە واقیع و خۆ سەپاندن و تۆقاندن شکست، نەھامەتی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە" بۆیە ئەرکی پاراستنی دۆخەکەی سپاردووەتە ھێزە ئاسایشپارێزەکانی ھەرێمی کوردستان.