Azat Muhammet
25 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2017
دهوك
فەرماندەى مەیدانى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى تەلەعفەر- شنگال، لیوا هاشم سیتەیی رایگەیاند "دوێنێ نیوەڕۆ بە رۆژى رۆناک چەند چەکدارێک بە پاڵپشتى چەکدارانى پەکەکە لە ناوەڕاستى شنگال پەلامارى کاروانێکى هێزەکانى پێشمەرگەیاندا، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگەى سەربە لەشکرى تایبەتى دوو بە سەختى بریندار بوون، هەموو دەرەنجامەکانیش ئەوەیان سەلماندووە کە پەکەکە رێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەى زیان بەو پێشمەرگانە بگەیەنرێت".
فەرماندەى مەیدانى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى تەلەعفەر- شنگال، لیوا هاشم سیتەیی لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەکەکە بووەتە هۆى ئەوەى دۆخى ئەمنى لە شارۆچکەى شنگال جێگیر نەبێت، و دەیان چەکداریان لە خۆیان کۆکردووەتەوە کە چەکدارەکان بە زمانى جیا جیا قسە دەکەن و هەندێکجار وەک ئێزیدى و زۆرجاریش وەک عەرەب خۆیان دەناسێنن، هۆکارى سەرەکى ئەم دۆخە بوونى پەکەکە لە شنگالە، ناجێگرى سەقامگیریشیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەى تەقە لە هێزەکانى پێشمەرگە بکەن و زیانى گیانى و ماددى بە پێشمەرگە بگەیەنن لە شنگال".
گوتیشى: "پەکەکە و ئەو چەکدارانەى پەکەکە لە شنگال داڵدەى داون، رۆژانە بە ئۆتۆمبێلى جیا جیاى بێ ژمارە بەبێ وەستان لە بازگەکانى ئاسایش جموجۆڵى بەدەوام دەکەن ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارى بێ ناسنامەیان لە خۆ کۆکردووەتەوە بە مەبەستى ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى دژى هێزەکانى پێشمەرگە و هاووڵاتییان جگە لە برینداربوونى ئەم دوو پێشمەرگەیە سەربە لەشکرى تایبەتى دوو، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ حاڵەتى کوشتن و رفاندنى هاووڵاتییان هەبووە لە شنگال، بەڕاستى دۆخەکە مەترسیدارە".
ئەو فەرماندەیە ئاشکراى دەکات بەهۆى بوونى پەکەکە لە شنگال دۆخى ئەمنى شارۆچکەكە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، هەرچەند لە ئێستا پێشمەرگە لەسەر ئەرزەوە پەیوەندی نێوان چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى پچڕاندووە، بەڵام پەیوەندى و هەماهەنگییەکانیان بەردەوامە بەرەو یەک ئامانجیش کار دەکەن، ئەم گرووپانەش جێگەى هەڕەشەن لەسەر هاووڵاتییان و هەڕەشەن بۆ دروستبوونى ئاڵۆزى لەگەڵ پێشمەرگە".
لیوا هاشم سیتەیی دەشڵێت "پەکەکە خۆى بە خاوەنى شنگال دەزانێت، لە کاتێکدا جێگەى نیگەرانى دانیشتووانى شارۆچکەى شنگال و کوردانى ئێزیدین، بۆیە ئێمە دووپاتى دەکەینەوە کە خەڵکى شنگال و کوردانى ئیزیدى بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کێ خاوەنى شنگال، خەڵک و کوردانى ئێزیدييە و بڕیاریشیانداوە کە پێشمەرگە خاوەنى شنگالە و خاوەنیشى دەبێت".
سیتەیی ئاشکرى دەکات کە لە ناوچەکانى رەبیعە، زوممار و وانكێ و تەواوى ئەو سنوورانەى لە دەست پێشمەرگەن تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى نەخوازراوى وەک کوشتن و رفاندن و تەقە کردن نەبووە، بەڵام لەو ناوچانەى پەکەکە دەستى بەسەردا گرتووە زۆرترین حاڵەتى کوشتن و بریندار کردن و رفاندن تێیدا روویداوە.
ئەو فەرماندەیە گەشبین نیيە لە بارەى قۆناغى دواى داعش و دەڵێت "بەراستى تا پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال و تەلەعفەر مابن، قۆناغى دواى داعش ئارام نابێت. بە تایبەت ئەگەر رێککەوتن و هەماهەنگییەک نەبێت لەسەر یەکلایی کردنەوەى کێشەکان".