سلێمانی
وەزارەتی ناوخۆ جەختیکردووەتە لەسەر پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی لەو شوێنانەی بانگەشەی تێدا دەکرێت و کاتی رێپێدانی بانگەشەیشی درێژکردەوە.
لەبانگەوازەکەیدا وەزارەتی ناوخۆ ھێزە ئاسایشپارێزەکانی ئەرکدار کردووە بەپارێزگاری زۆرتر لەبانگەشەکاران.
دەقی بانگەوازی وەزارەتی ناوخۆ
- بڵاوکردنەوەی رێکلام و پروپاگەندەی کاندیدەکانی ھەڵبژاردن لەلایەن قەوارە سیاسییەکان نابێ ببێتە ھۆی ناوزڕاندن و ناشیرینکردنی لایەنی بەرامبەر.
- بەھەموو شێوەیەک بەکارھێنانی ئامێر و ئوتۆمبێلی حکومی قەدەغەیە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن.
- لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بە ھیچ شێوەیەک رێگا نادرێت دیاردەی چەکداریی ھەبێ، ئەگەر چەکەکەشی رێ پێدراویشبێ، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران وەردەگیرێ.
- پێویستە لەسەر ھەموو لایەک یاسا و رێنماییەکانی ھاتوچۆ پَیڕەو بکەن لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن تاکو نەبێتە ھۆکاری نانەوەی پشێوی و رێگرتن لە شەقامەکاندا.
- پێویستە لەسەر ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەکاتی پێویست پارێزگاری لە بارەگا و نووسینگەی پارت و لایەن و قەوارە سیاسییەکان لە ئەستۆ بگرن و ھەر پێشێلکارییەک لەلایەن ھەر کەسێکەوە ئەنجام بدرێ لەرێی پۆلیسەوە دەدرێنە دادگا.
- بڕیارماندا بانگەشەی ھەڵبژاردن رۆژانە تاکو کاژێر ١٢ی شەو لەسەر شەقام و کۆڵان و ناوشارەکان ئەنجام بدرێت. بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران رێککاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.