ههولێر
سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی بۆچوونی جیاواز لە نێوان لایەنەكانی سیاسی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، یەكلایكردنەوەی ئەم پرسەش كەوتووەتە گۆڕەپانی پەرلەمانی كوردستانی كورستان.
نوێنەری حزبەكانیش لە پەرلەمان نایانەوێت، هەرێم بكەوێتە بۆشایی یاسایی و سازان بە گونجاوتر دەزانن بۆ تپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، برزۆ مەجید باس لە رەوشی سیاسی لە هەرێم و پرسی سەرۆكایەتی دەكات.
لەسەرەتای دیدارەكە سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان برزۆ مەجید دەڵێت "بەشی زۆری حزبەكان لە هەرێمی كوردستان، داوای جێگیركردنی تایبتەمەندیەكانی سیستەمی پەرلەمانی دەكەن، بۆیە ئێمەش كار لەسەر ئەوە دەكەین ئەگەر دەستوورەكە تەواو بوو ئەو دەبێت سیستەمێكی پەرلەمانی تەواو جێگر بكەین، هەروەها ئەگەر دەستووریش تەواو نەبوو لەم قۆناغە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت لە هەرێمی كوردستان، وەك فراكسیۆنی گۆڕان و چەند فراكسیۆنێكی تریش سیستەمی پەرلەمانیمان دەوێت، لە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی ئێستا".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، برزۆ مەجید ئاماژە بەوەش دەكات پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەستە بە تەواوی خەڵكی كوردستان و هێزەكانی سیاسی، بۆیە پڕۆژەمان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت.
وەك ئەو گوتی ئامانجی زیاتر لەو پڕۆژەیان، بۆ ئەوەیە: "ئەگەر حزبێك بیەوێت یاری بەكات بكات، بۆ ئەوەی دۆخێكی پەلە پروزە لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت، واقیعێكی خراپ دروست ببێت لە كوردستان، بۆیە ئێستا ئێمە و یەكێتی نیشتمانی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیش پڕۆژەی خۆیان دەبێت، هیوادارین پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ ئەم پرسە قسەی جدی خۆی هەبێت، هیچ لایەنێكیش یاری بەكات نەكات".
بەگوێرەی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 لە ماددەی یەكدا هاتووە. "ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كە لە 20.8.2013 درێژكراوەتەوە. تا 19.8.2015 دواتر درێژكردنەوەی بۆ نییە".
لەو بارەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ پەیامنێری ئانادۆلو گوتی: "ئێمە دەستەوەستان نابین، نامانەوێت و نایەڵین بۆشای یاسایی لە كوردستان دروست ببێت".
برزۆ مەجید گوتیشی: "نامەنەوێت پڕۆژەكەی خۆمان بەسەر لایەنەكانی تردا فەرز بكەین، ئێستا خیتابێكی سیاسی كە بەشی زۆری حزبەكان كۆكن لەسەر ئەوەی داوای سیستەمی پەرلەمانی دەكەن، هەروەها بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، پێدەچێت كۆمسیۆنیش هەڵبژاردنی پێ نەكرێت".
هەروەها روونیشكردەوە كە دەیانەوێت، یاسایی ژمارە یەكی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە.
وەك سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان گوتی: "لەو هەموارە هەموو ئەو بیروبۆچوونەی حزبەكان دەیانەوێت جێگربێت، بە تایبەتی تایبەتەمەندیەكانی سیستەمی پەرلەمانی لە هەمووشی گرنگتر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەبێت دەستكاری بكرێت یاخود هاوتای سیستەمی پەرلەمانی بكرێت".
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، خاوەن 24 كورسیە و دووەم هێزی براوەی هەڵبژاردنە لە خولی چواری پەرلەمانی كوردستان.
سەرۆكی ئەو فراكسیۆنە لە درێژەی گفتوگۆی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەوان قسەیان لەسەر سیستەمی سەرۆكایەتی هەرێمە نەك سەرۆكی هەرێم كە ئێستا مەسعود بارزانییە.
برزۆ مەجید گوتیشی: "ئێمە سیستەمی پەرلەمانیمان دەوێت، بەپێی ئەو پڕۆژەیەی بزووتنەوەی گۆڕان داویەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەبێت تایبتەمەندیەكانی سیستەمی پەرلەمانی جێگر بكرێت".
سەبارەت بە سیستەمی سیاسی ئێستا لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "سیستەمی سیاسی لەئێستای هەرێمی كوردستان، سیستەمێكی نەناسراوە، تەجروبەشمان هەیە یاخود دەزانین وەك هەندێ وڵات لە هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتەكان لە دەستی یەك كەسدا كۆكراوەتەوە، بۆیە گونجاوترین سیستەم بۆ ئێمە پەرلەمانی گونجاوترە".
رۆژی شەممەی رابردوو سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم فوئاد حوسێن رایگەیاند "مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 91 ی ساڵی٢٠١٥بڕیاریدا هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت لە ڕۆژی20ی ئابی 2015".
لەو بارەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت "دەبوو سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ لایەنەكانی سیاسی راوێژی بكردبایە سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم چونكە ئێستا جگە لە پارتی چەند حزبێك داوا دەكەن سیستەمەكە بكرێتە سیستەمی پەرلەمانی سەرەڕای ئەوەش داوای هەموار كردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان توانی هەڵبژاردن ئەنجامدات، مەسعود بارزانی دەتوانێت بۆ جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی یاسایی سەرۆكایەتی ساڵی 2005 مەسعود بارزانی ناتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە، چونكە ئەو دوو خولی سەرۆكایەتی تەواو كردووە".