ڕۆژی چوارشەممە 24ی كانوونی یەكەم مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە حكومەتی هەرێم كرد لەبارەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە هەنگاوەكانی بگرێتە بەر.
ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێم بڵاویكردەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسعود بارزانی نامەیەكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردوە و داوا دەكات لە وردەكاریی ئەو رێوشوێن وهەنگاوانە ئاگادار بكرێتەوە كە حكوومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید گرتوویانە تەبەر.
بەپێی ئەو بەیانامەیە سەرۆكی هەرێم بایەخدانی زیاتر بە هەڵەبجەو بەپارێزگابوونی دووپات كردووەتەوە، هەروەها لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزاری و كەمكردنەوەی كێشەكانی خەڵكی شەهید پەروەری ئەو شارە دووپاتكردۆتەوە.
شاری هەلەبجە بە یەكیك لە شارە گرنگەكانی باشوری كوردستان و شاریًكی مێژویی و گرنگیشە بۆ عێراق لەرووی جوگرافیاوە كەوتۆتە 83 كیلۆ مەتر باشوری رۆژهەڵاتی پاریزگای سلیمانی و رووبەری 1599 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە هەروەها زیاتر لە سەدا 9ی رووبەری سلیمانی پێك دەهێنێ.
هەلەبجە بەدێژای 75 كیلۆمەتر هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئێران لە ساڵی 1889 بووە بە قەزا بەپێی ئەو بەروارەش بێ پاش نەجەف هەلەبجە كۆنترین قەزایە لە عێراق.
لە ساڵی 1999 پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگاكردنی ئەو شارەی دەركرد پاشان لە سەرەتای ئەم ساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕیارەی خستە بواری جێبەجێ كردنەوە. بەڵام تا ئێستا هەیكەلی ئیداری رێك نەخراوە و پارێزگاری بۆ دانەنراوە.