ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جون کیری لە میانەی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە و بەریتانیا گوتی: ئەمریکا بێجگە لە جێبەجێ کردنی خاڵ بەخاڵی پلانی ئامادەکراو بۆ راماڵینی چەکی کیمیایی سوریا بە ھیچ شتێکی دیکە رازی نابێت و ئەگەر بۆ ئەم مەبەستە رێبازە دیپلوماسییەکان ئەنجامیان نەبێت ئەو کات ھێز بەکار دەھێنێت.
دوای کۆبوونە ھاوبەشەکەی ھەر یەک لە وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە، تورکیا ، ئەمریکا و بەریتانیا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جون کیری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ھێشتاکە بژاردەی سەربازی لە سەر مێزە و ئەگەر دیپلوماسی و ھەوڵدانە دیپلوماسییەکان نەگەنە ئەنجام ئەوا ھێز بەکار دەھێنن.
کیری گوتی: ئەمریکا چی دیکە لە بەرامبەر یارییەکانی ئەسەد بێدەنگ نابێت و پێویستە رێککەوتننامەی جنێڤ بە رێکوپێکی جێبەجێ بکرێت و بە ھیچ شێوەیەک نابێت بیر درێژ کردنەوەی کات بکات و ئەگەر ئەسەد وا دەزانێت کە ئەمریکا جیدی نییە، ھەڵە دەکات چونکە بژاردەی سەربازی ھێشتا لە سەر مێزە.
ناوبراو باسی پشتگیری کردنی روسیایشی کرد و رایگەیاند: لە بواری جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی جنێڤدا روسیا پشتگیری ئەمریکا دەکات و لەو بریارنامەیە کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەر دەکرێت جەخت لە جێبەجێ کردنی بەپەلە و بێ کەموکۆرتی رێککەوتننامەکە دەکرێت و ئەگەر سوریا رێز لەو پەیماننامەیە نەگرێت ئەوا رووبەرووی سزای توند دەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی ئەو بڕیارنامەیە کرد کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دەر دەکرێت و رایگەیاند: بۆ ئەم ئامادە کردنی بڕٍیارنامە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە مادەی ٧ی یاسای نەتەوەیەکگرتووەکان رەچاو دەکرێت و رژیمی ئەسەد بە ھۆی بەکار ھێنانی چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی خۆی مەشرووعیەتی لە دەست داوە.
کیری باسی ھاوکاری کردنی ئۆپۆزسیونی سوریایشی کرد و گوتی: پێویستە رژیمی بەشار ئەسەد بزانێت بە شەڕ و بە ھێزی چەک ناتوانێت بگاتە شوێنێک، و دەبێ بزانێت تاقە رێگای چارەسەر کردن رێگاچارەی سیاسی و دانووستانە.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی مەسیحییەکانی سوریا و شەڕی دژی ھێزە توندڕەوەکانیش ناوبراو رایگەیاند: ھێزە توندڕەوەکان تەنیا لە سوریا نین بەڵکو لە ئەفغانستان، عێراق و مالیشدا چالاکن و ئێمە وەکو ئەمریکا درێژە بە پشتگیرییەکانی خۆمان بۆ ھێزە میانڕەوەکان دەدەینز.
کیری باسی رێککەوتننامەی جنێڤی کرد و دووپاتی کردەوە ئەم رێککەوتننامە زۆر گرنگە و تا حەفتەیەک لەمەوبەر سوریا نکۆڵی لە ھەبوونی چەکی کیمیایی خۆی دەکرد بەڵام ئەمڕۆ دانی بە ھەبوونی چەکی کیمیایی ناوە و بگرە داوای ئیمزا کردنی پەیمانی قەدەغە کردنی ئەو چەکانە دەکات، بەڵام ئەگەر بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات واتای رێککەوتننامە و بڕیارنامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان نامێنێت و ئێمە وەکو ئەمریکا پێمان باشە بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بە جدی وەربگیردرن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەزیری دەرەوەی فەرانسەیش جەختی لە جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی جنێڤ لە کاتە ساتی دیاریکراودا کرد و گوتی: ئەگەر ئەو رێککەوتننامەیە لە کاتی پێویستدا جێبەجێ نەکرێت ئەوا رێوەشوێنی توندتر لە بەرامبەر ئەسەد دەگرینە بەر.