سلێمانی
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان(محەمەد فەرەج) رۆژی یەکشەممە لەشاری سلێمانی قسەی بۆ ھەزاران لەلایەنگرانی حیزبەکەی کرد.
محەمەد فەرەج گوتی " ئێستا یەکگرتوو کاروانێکی بەڕێخستووە پشت بەخوا خۆش نودیتان پێدەگەیەنێ لەھەردوو ڕووی مادی و مەعنەوییەوە، لیستێکمان ڕاگەیاندووە بۆ بەدی ھێنانی دەسەڵاتێکی دادوەرو خزمەتگوزار، دەسەڵاتێکمان دەوێ دادپەروەر بێ لەفەرمانڕەواییدا تاوەکو ئاسودەیی و ئارامیمان بۆبەرھەم بێنێ و لەترس و دڵەڕاوکێ دوورمانخاتەوە".
لەو مەراسیمەدا کە بۆ بانگەشەکردن بۆ لیستی یەکگرتووی ئیسلامی سازکرابوو، ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە کارنامەی حیزبەکەیانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا دەیانەوێ حکومەت پێک بێنن و سیستمێکی دادپەروەر بێننە کایەوە، محەمەد فەرەج گوتی " دەمانەوێ دەسەڵاتی ئەمجارە جیاواز بێ لەدەسەڵاتەکانی ڕابردوو، لەخزمەت کردن و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ ھەمووان، دەسەڵاتێ بەڕێ دەخەین کۆکەرەوەی ھەموو عەقڵە سیاسی و ئابوورییەکان بێ، بەڵێن دەدەین حکومەتێ پێکبێنین تازەبێ لەدەموچاو و ئەرکدا".
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ساڵی ١٩٩٤ ئیعلانی کاری سیاسی کردو ئێستا خاوەنی شەش کورسی پەرلەمانی کوردستانەو یەکێکە لەحیزبە ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان.