کاربەدەستانی ئەمرێکا رێگرییان لە کۆمپانیایەکی تورکی کرد کە دەیویست کەرەستەی فڕۆکەی جۆری بۆینگ کە لە ئەمریکاوە ھاوردەی کردبوون، رەوانەی ئێرانیان بکا.
بە بڕیاری وەزیری ھەناردەی ئەمریکا دێڤد میلس، رێگریی لەو کۆمپانیا تورکییە بۆ ماوەی ١٨٠ رۆژی دیکە درێژ کراوەتەوە.
بە پێی ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە، دوو ماتۆڕی فرۆکەی جۆری بۆینگ کە لە لایەن کۆمپانیای (ئادائەرۆ ئینتەرناشناڵ تراد)ەوە رادەستی کۆمپانیای ئاسمانی و بەڕێوەبەرایەتی بۆشاییگەریی تورکیا کراون، لە لایەن کۆمپانیای تورکییەکەوە خوازراوە رادەستی کۆمپانیای پۆیای ئێرانی بکرێن، بەڵام وەزارەتی بارزگانیی ئەمریکا، رێگری لە ھەناردنیان بۆ ئێران کردووە.
کاربەدەستێکی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا گوتی: "ساڵانە جارێک یا دوو جار بڕیاری لەو جۆرە دەر دەکرێ، بە پێی ناوەڕۆکی ئەو بڕیارانە، ناوی ئەو کاڵا و بەرھەمانەی لە نێو لیستی ھەناردەی ئەمریکادا ئاماژەیان پێکراوە، ھەناردەکردنیان بۆ ئێران قەدەغەیە."
لەو بارەیەوە سەعدەدین ئیلگین بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئادائەرۆ ئینتەرناشناڵ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆمپانیاکەمان لەگەڵ ھێلی ئاسمانیی تورکیا، دوو ماتۆڕی فڕۆکەی جۆری بۆینگ کە لە لایەن کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلەکتریکەوە دروستکراون، بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە ناوی ئەرۆسپاسە کۆپەراشیۆن فرۆشراون، دواتر ئەو کۆمپانیایە لە کاتی راپەراندنی کاروباری گومرگ، بەڵگەکانی لە سەر ناوی کۆمپانیای ئادائەرۆ ئامادە کردووە، بۆیە کێشەی تێکەوتووە."
ئیلگین ئاماژەی بەوە کرد بەڵگەی پێویستی ھەر دوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا ھەروەھا بەڵگەکانی تایبەت بە بار کردنی ئەو دوو ماتۆڕە روانەی گومرگ کراون و چاوەڕوان دەکرێ تا ١٥ی مانگی شوبات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ.