تاران
حکومەتی ئێران لە بڕیارێکی نوێدا ژمارەیەک لەو گیراوە سیاسییانەی ئازاد کرد کە لەدوای ئاڵۆزییەکانی دوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دەستگیر کرابوون.
بەگوێرەی ھەواڵی (ئاژانسی ھەواڵنێری خوێندکاران - ISNA)ی ئێرانی، بە بڕیاری کاربەدەستانی دەوڵەت، ژمارەیەکی زۆر لە گیراوانی سیاسی بە تایبەت لایەنگرانی ھەر دوو رێبەری ئۆپۆزسیۆن(میرحوسێن موسەوی و کەرووبی) ئازاد کران.
لەنێو ئازادبووان ھەر یەکە لە جێگری پێشووی وەزیری دەرەوە (موحسین ئەمینزادە) و ژنە پارێزەری ناسراوی ئێران (نەسرین ستوودە) ھەڵگری خەڵاتی پارێزگاری لەمافی مرۆڤ بەرچاوترینیانن.
دوای دەرچوونەوەی سەرۆک (مەحموود ئەحمەدی نەژاد) بۆ جاری دووەم لە ھەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئێران، لایەنگرانی میرحوسێن موسەوی بەتوندی ناڕەزاییان دەربڕی ئەنجامەکەیان بە" ساختەچێتی و دەسکارییکردن" ناوبردو خۆپیشاندانی مەزنیان ئەنجامدا.
بەھۆی ئەو ناڕەزاییانە ئێران دووچاری قەیرانێکی نێوخۆیی بووەوە و لەئاکامی بەگژاچوونەوەی ھێزە ئاسایشپارێزەکان لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی و خۆپیشاندەر، بەدەیان کەس کوژران و سەدانی دیکە برینداربوون، ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ناڕازییان پەرەیسەندو ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاو خرانە زیندانەوە.