ڤیەنا
لە دانیشتنی خولی سیانزەیەمینی کۆبونەوەکەدا ئێران پێشنیازی دووبارە دانیشتنەوەی بۆ مەسەلەکە کرد، ئەم پێشنیازەی ئێران لەلایەن IAEA قبوڵ کرا، ھەردوولا ڕایانگەیاند بەمەبەستی رێکەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، لە ١١ تشرینی دووەم لە تاران کۆدەبنەوە.
لەگەڵ بەردەوامیی کێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ھاوبەشەکەدا نەیویست پێشنیازی خۆی بۆ چارەسەری کێشەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئاشکرا بکات.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تێرۆ ڤارژۆرانت یاریدەدەری بەرپرسی ھەڵسەنگاندنی دڵنیایی بەناوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیەوە گوتی: دوێنی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان عەباس حاجی وەزیری دەرەوەی ئێران و یوکیا ئەماندۆ ریکخەری IAEA ساز کرا.
گوتیشی: "سەردەمێکی نوێمان لەگەڵ ئێران بۆ ھەڵسنگاندنی کارەکانی بەرنامە ئەتۆمیەکەی دەست پێکردووە، بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەکە بڕیارمان داوە ڕۆژی ١١ تشرینی دووەم دیدارەکانمان لە تاران لەگەڵ ئێران درێژە پێبدەین، بەئومێدی سەرکەوتنی گفتوگۆکانمان."
لای خۆیەوە رەزا نەجەفی نوێنەری ئێران سەبارەت بەکۆبوونەوەکە گوتی: "سەرجەم مەسەلەکانمان بەشێوەیەکی فراوان تاوتوێ کردووە، ھەروەھا پێشنیازێکمان بۆ چارەسەری کێشەی بەرنامە ئەتۆمیەکە کردووە."
سەبارەت بەپێشنیازی وڵاتەکەی نەجەفی گوتی: "ئەم پێشنیازە بۆ بەھێزکردنی کارکردنی ھاوبەشی نێوان لایەنەکان خراوەتە ڕوو، ھەروەھا لاپەرەیەکە بۆ دووبارە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ IAEA و ئاشکراکردن و چارەسەرکردنی سەرجەم مەسەلەکانە."
نەجەفی ھەروەھا گوتی: "لەسەر پێشنیازە کرداریەکان کاردەکەین، بەڵام ھێشتا بەئەنجام نەگەیشتوین، پێویستمان بە چاو پیاخشاندنەوەی زیاتر ھەیە، بۆیە دەمانەوێت جارێ ئاشکرا نەکرێت، بەزووترین کات دەگەینە رێکەوتنی کۆتایی، بۆ کۆتایی ھاتنی مەسەلەکەش لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبین."
پشکنەرانی IAEA لەتشرینی دووەمی ٢٠٠١دا ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئامادەکرد بوو ، بەڵام حکومەتی ئێران لەو ساڵەوە رێگەی بە پشکنەرانی IAEA نەداوە کاری پشکنین لە پارچین ئەنجام بدەن.