قاھیرە
جەربا لە قاھیرە لە بارەگای کۆمکاری عەرەبی، لە کۆبوونەوەی نا ئاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب دەربارەی قەیرانی سوریا باسی داواکاریەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی بۆ وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد.
جەربا ئێرانی وەکو داگیرکاری سوریا وەسفکرد و بە پێویستیشی زانی حزبولڵا و یەکینەکانی ئەبو فادی عەباس بە تاوانی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی وەک رێکخراوی تیرۆریستی لە قەڵەم بدرێن.
جەربا لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆنفڕانسی جنێڤ ٢ بکەین لەگەڵ تورکیا ھەماھەنگیمان ھەیە، داوا لە جیھانی عەرەبی دەکەین پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بکەن و دوای تەواوبوونی کۆنفڕانس چەک بۆ ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دابین بکرێ".
جەربا لە بەشێکی دیککەی قسەکانیدا گوتی: "سوپاسی وڵاتانی عەرەبی دەکەم بۆ پشتگیریکردنیان لە گەلی سوریا، بەداخەوە سەرەڕای ئەو ھەموو خوێن رشتنە ھێشتا ھەندێک وڵات پشتگیری لە رژێم دەکەن. بڕیارمان داوە تا دوا ھەناسە سووربین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو رژێمە. ھەموو جیھان بەچاوی خۆی بینی لە سوریا چەکی کیمیاویی بەکارھێنراوە، بەڵام بینیمان ھەر کەس تەنیا بیری لە بەرژەوەندیەکانی خۆی کردەوە."
جاربا رەخنەی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرت و گوتی: "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیرادەی خۆی لەدەست داوە، ناتوانێ بڵی بەسە بۆ کاولکاری و خوێن رشتن."
جاربا لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند ئەگەر ئێران لە کۆنفڕانسی جنێڤ ٢ ئامادە بێ، ئەوان بەشداری ناکەن.