ھەولێر
سەید عوزێم حوسێنی کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ھەولێر لە وتووێژێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو بۆچوونی وڵاتەكەی سەبارەت بە رەوشی سیاسی ئێران و ھەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەبارەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، سەید عوزێم گوتی "ھەڵبژاردنەکە بەلای ئێمەوە گرنگ و باش بوو، پێمانوایە ئەو ھەڵبژاردنە دەبێتە ھۆی باشتر بەڕێوەچوونی ژیانی ھاووڵاتیانن ھەرێمی كوردستان، وەک ئەوەی خۆیان ھەڵیانبژارد ئێرانیش پشتگیرییان لێدەکات."
حوسێنی عێراقی وەكو یەكێ لە دراوسێ باشەكان وەسف كردو گوتی "بوونی ھەڵبژاردن بەمانای ئەوەیە خەڵک دەیەوێ رۆڵی ھەبێ، کۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیریی ئەمە دەکات بەتایبەتی ھەڵبژاردن لە کوردستان و عێراق، چونکە بەلای ئێرانەوە عێراق بەگشتی لەزۆربەی وڵاتانی دراوسێ باشتر و پێشکەوتووترە.
کونسوڵی ئێران دەڵێ وڵاتەکەی کێشەی لەوەدا نییە حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان بنکەفراوان بێ یان نا بەڵكو لەگەڵ ئەوەدایە بەخێرایی کابینەیەکی حکومەتی بەھێز دروست ببێ و خزمەتی ھاوڵاتییانی خۆی بکات، نەک خزمەتگوزاریی خەڵک دوا بکەوێ."
ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی باشیان لەنێواندایە، بەگوێرەی ئامارەکانی کونسوڵگەری ئێران لە ھەولێر، لەچەند مانگی رابردووی ئەمساڵدا ئەو وڵاتە ٤٠٠ ھەزار ڤیزای داوە بەھاوڵاتیانی کوردستان. لەسەر ئاستی عێراقیش ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ھاووڵاتی سەردانی ئێران دەکەن.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی ئەگەر حکومەتێکی عەلمانی بێ یاخود پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکا ئاخۆ ھەڵوێستیان چی دەبێ؟ سەید عوزێم حوسێنی وەسفی ئیسرائیلی کرد بەوەی "ھەموو شتێکی لەدەستداوە."
ھەروەھا گوتی "بەبڕوای من نابێ ئەم حکومەتە بە حکومەتێک بەراورد بکرێ کە ھەموو شتی لەدەستداوە، بەراوردکردن یاخود ھاوپەیمانێتی کوردستان لەگەڵ ئیسرائیل زۆر جیاوازە، ئەمەش تۆمەتێکی گەورەیە."
پێشتر لەبارەی تەقینەوەکانی شاری ھەولێر لە ٢٩ی ئەیلول، حوسێن یەزدان پەنا بەرپرسی پارتێکی کوردی بەرھەڵستکاری ئێران بە AAی گوت زانیارییان ھەیە کاربەدەستێکی سوپای ئێران پلانداڕێژەری تەقینەوەکانی شاری ھەولێر بووە.
کونسوڵی ئێران لە وەڵامی یەزدانپەناا، گوتی "ئەوانە وەک سەگ وان ئەگەر بەندیان بکەیت دەوەڕن، ئەگەر ئازادیشیان بکەیت ھەر دەوەڕن، ئێمە ھیچ حیساب بۆ ئەو قسانە ناکەین و مەرج نییە ھەموو قسەیەک قورسایی و گرنگی لای ئێمە ھەبێت."