Zana Natık Kerem
13 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2018
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەک لە ئیئتلافی وەتەنییە کە جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند کە بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن کە دوێنێ شەممە بەڕێوەچوو، ئیئتلافەکەیان لە کۆی ١٨ پارێزگا لەچوار پارێزگا لەڕیزی پێشەوەن.
ئیئتلافی وەتەنییە، ٢٦ پارت و قەوارەی سیاسی لەخۆدەگرێت لەوانە، پارتی گردبوونەوەی مەدەنی بۆ چاکسازی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبوری و ئیئتلافی عەرەبییە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ساڵح موتڵەگ.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن، ئیئتلافی وەتەنییە لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا و دیالە لەڕیزی پێشەوەیە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا ناتوانن پێشبینی ژمارەی ئەو کورسییانە بکەن کە ئیئتلافی وەتەنییە لەو پارێزگایانە یان پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بەدەستی ھێناوە.
دوێنێ شەممە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و کۆميسیۆنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە پڕۆسەکەدا، ٤٤،٥٢ لەسەدا بوو.