Zana Natık Kerem
14 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2018
بەغدا ـ AA
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆی ٣٧ ملیۆن کەس، ٢٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو کەچی لەو ژمارەیە تەنھا ١٠ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس لە ١٨ پارێزگای عێراق، دەنگیان دابوو. وێرای خراپی رەوشی ئەمنی، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠٠٦، ٢٠١٠ و ٢٠١٤، سەدا ٥٠ی تێپەڕ کردبوو.
ــ ھۆکاری پاساوھێنانەوە بۆ کەمی رێژەی بەشداریکردن
کەمی رێژەی بەشداریکردن سیاسییەکانی تووشی شۆک کرد، بە تایبەتی دوای ئەو بانگەشەیەی کە لە میانی مانگێکدا سەرکردە و کاندیدانی قەوارە سیاسییەکان ھانی دەنگدەرانیان دا بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن.
چاودێرانی سیاسیی ھۆکاری کەمی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ھاووڵاتییان لە میانی ١٥ ساڵی حکومڕانیدا بەدەست دەسەڵاتەوە دەناڵێنن.
ئەندامی لیستی ئیئتیلافی وەتەنییە، ئینتیسارعەللاوی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگەی عێراق ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بایکۆت کرد، چونکە ھەمووان درکیان بەوە کردووە کە ھەڵبژاردنەوەی ھەمان دەموچاوەکانی پێشوو، ھیچ گۆڕانکاری روونادات".
ئینتیسار عەللاوی گوتیشی: "ئەوەی کەس پێشبینی نەدەکرد، کەمی رێژەی بەشداریکردن بوو لە کاتێکدا رەوشی ئەمنی سەقامگیرە ".
ئەندامەکەی ئیئتیلافی وەتەنییە ئاماژەی بەوەشدا کە ھۆکاری کەمی رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان خراپی رەوشەکە بووە بە تایبەت کە ھاووڵاتییان بە دەست نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی دەرفەتی کار دەناڵێنن، وێرای ئەوەی ھێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان لە ئاوارەییدا ژیان دەگوزەرێنن.
بە ھۆی رێژەی کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران ئیئتیلافی وەتەنییە، بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی داوای کردووە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵبوەشێندرێتەوە و سەرلەنوێ ھەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، ئیئتیلافی وەتەنییە داوای کردووە کە حکوومەتی ئێستا بکرێتە حکوومەتی کار بەڕێکەر تا ئەو کاتەی بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، رەوشەکە گونجاو دەبێت.
ــ سزادانی قەوارە سیاسییەکان
بە ھۆی رەفتاری ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرەکانی حکوومەتی عێراق، ھاووڵاتییان بە بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، ھەموو قەوارە سیاسییەکانیان سزاداوە.
ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، عەلی عەلاق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە ھۆی رەفتاری ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیرەکان، لەگەڵ رۆڵی خراپی ژمارەیەک لە میدیاکان کە ھانی بایکۆتکردنیان داوە، رێژەی بەشداریکردن کەم بووە".
لایەنێکی زۆر پێشبینییان دەکرد کە دەنگدەرێکی زۆر لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان ھەڵبژێرن، بەو ھیوایەی کە رەوشی ئەمنی و گوزەرانیان لە میانی چوار ساڵی داھاتوودا باش بکرێت.
ــ بانگەشی ھەڵبژاردن
کەمی رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان رەنگدانەوەی بەرچاوی لەسەر بێھیوایی عێراقییەکان لە بەرامبەر گۆڕینی رەوشی ئێستا ھەبووە.
فەرمانبەر و دانیشتووی شاری بەغدا، مستەفا جەمال کە بایکۆتی کردبوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشداریم نەکرد، چونکە بەشداریکردنەکە ھیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت، ھەمان دەموچاوەی پێشوو لە پۆستەکانییان دەمێننەوە".
مستەفا جەمال گوتیشی: "لە سەرجەم بەرنامە و بانگەشەی قەوارە سیاسییەکان بە ئاگابووم، ھەر ھەمان ئەو قەوارە سیاسیانەن کە لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران ھەبوون، باس لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشکردنی گوزەرانی ھاووڵاتییانیان دەکرد، ئەی باشە ئەو چوار ساڵەی رابردوو ئەم قەوارانە لە کوێ بوون، بۆچی رووبەڕووی گەندەڵی نەبوونەوە و خزمەتی گەلیان نەکرد، یان بانگەشەکەیان تەنھا بۆ بەدەستھینانی دەنگەکان بوو، لەبەر ئەمە من لە ھەڵبژاردنەکاندا دەنگم نەداو بایکۆتم کردبوو".
دەنگدەرێکی دیکە بە ناوی مونیر جەبر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کاتی چوونم بۆ ناوەندێکی دەنگدان لە کەرادە کە بۆ ٦٠٠ دەنگدەر دیاریکرابوو، بەڵام تەنھا ١٣ کەس لەو ناوەندە دەنگیان دا، کە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ھەمووان سەرجەم قەوارە سیاسییەکانیان رەتکردووەتەوە".
ــ دەنگدانی ئەلیکترۆنی
یەکێک لە ھۆکارەکانی کەمی رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان بوو کە بۆ یەکەمجار کۆمسیۆن بۆ پڕۆسەکە داینابوو.
ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فاتن حەلقی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە بە هۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە میانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران بێبەشبوون لە دەنگدان.
فاتن حلقی گوتیشی: "لە میانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ژمارەیەکی زۆر لە ئامێرەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەکارکەوتبوون کە بە ھۆیەوە سەدا ٥٠ی دەنگدەران نەیانتوانیوە دەنگ بدەن کە ئەمەش کاریگەری لەسەر رێژەی کەمی بەشداریکردن لە پڕۆسەکە دروست کردبوو".
رۆژی شەممەی رابردوو، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو کە رێژەی بەشداریکردن ٤٤،٥٢ لەسەدا بوو.