سلێمانی
دوای کۆبونەوەکە کەلەبارەگای مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بەڕێوەچوو، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا ئەنجامی کۆبونەوەکە بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاشکرا کرا.
ئەنوەر سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان گوتی"لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا ھەرسێ لایەن لەسەر چەند خاڵێک ڕێکەوتین، ھەرسێ دەزگای ھەڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆن لەنزیکترین کاتدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکاری و خروقاتانەی لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام دراوە ئەنجام دەدەن و بەبەڵگەو دۆکیۆمێنت بەڵگەکان دەخەینە ڕوو."
ھەروەھا ھەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەکی یاسایی تانە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەدەن و داوای ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای ھەولێر دەکەن.
خاڵێکی تری کۆبونەوەکە تەئکیدکردنەوەی ھەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنە لەسەر ھەماھەنگی و بەردەوامی کۆبونەوەکانی نێوانییان لەبارەی شێوازی بەشداریکردنی لە حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.
لەلای خۆیەوە بەرپرسی ژووری ھەڵبژاردنەکانی بزووتنەوی گۆڕان ئارام محەمەد گوتی" ئەو پاساوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لەبارەی دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەیدات، نایاسایی و لاوازە، ھەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن جەخت لەسەر بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکە لەوادەی خۆیدا دەکەنەوە و لیستی ناوی کاندیدەکانیشمان پێشکەشکردووە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەبوبەکرھەڵەدنی گوتی"لەم کۆبونەوەیەدا بەشێوەیەکی سەرەتایی گفتوگۆمان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت و چۆنێتی بەشداریکردنی ھەرسێ لامان کرد و بڕیارماندا ھەرسێ لایەن پێکەوە ھەماھەنگیمان ھەبێ و پێکەوە بڕیار لەسەر بەشداری کردن یان بەشداری نەکردن لەحکومەتدا بدەین"