ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی گشتی بەدەپە (فیلیز کۆچالی) ڕایگەیاند ئەوان دەستیان بە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا کردووە کە بڕیارە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەبچێ.
ھەروەھا ئاشکراشیکرد کە ئەوان وەک بەدەپە دەستیان بە وەرگرتنی کاندیدەکان کردووە؛ بەڵام ھەر کەسێک خاوەنی دوو ژن بێ ناتوانێ خۆی کاندید بکات.
کۆچالی ھەروەھا گوتی " کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لە تورکیا بەم نزیکانە چۆنیەتی بەشداریکرن لە ھەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات و لە ناوچە کوردیەکان بە ناوی بەدەپە بەشداری دەکەین و لە رۆژئاواو و ناوچەکانی دیکەی تورکیاش بەناوی پارتی گەلانی دیموکراسی بەشداری دەکەین. بۆ ئەم مەبەستەش بەم نزیکانە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی گەلانی دیموکراسی کۆدەبینەوە"
لەبارەی کۆتای ئافرەتانیش کۆچالی گوتی " کۆتای ئافرەتان لەناو بەدەپە دا %٤٠ و بریار وایە بۆ ھەندێ شارەوانی تەنیا کاندیدی ئافرەتمان ھەبیت. ئێمە لەو بڕوایەداین شارەوانیەکانی دیاربەکر، وان و ماردین بەدەست دەھێنین و یەکێک لە کاندیدەکانی بەدەستھێنانی پۆستی ئەو شارەوانیانەش ئافرەت دەبێت"
ئەوەشی خستەڕوو کە جگە لە شارەکان، ھەروەھا لە شارۆچکەکانیشدا کۆتای ئافرەت دەبێت.