واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما) دوایین پلانە ھاوبەشەکانی ئەمریکاو روسیای لەبارەی سوریاوە، بەم شێوەیە خستەڕوو "بەپێی ئەو پلانانەی لەسەری رێککەوتووین، بۆ بنەبڕکردنی چەکی کیمیایی، مۆڵەتی تەواو بە سوریا دەدەین. دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە پێویستە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی نەمانی چەکێکی کیمیایی لەو وڵاتە بسەلمێنێ. پێویستە سوریا بەشێوەیەکی شەفافانە کار بۆ ئەو پلانە بکات. بەوجۆرە جیھان و ناوچەکە دووردەبن لە زیانی ئەو چەکە قەدەغەکراوانە. ئێمە چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی سوریا دەکەین. ئەگەر لەڕێی دیبلۆماسییەوە نەگەینە ھیچ ئاکامێک، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە بۆ ھێرشی سەربازیی".
سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکانی ٢١ی ئابی وەبیر ھێنایەوەو دەڵێ کاتێ بیریان لەوە کردەوە ھێرش بکەینە سەر سوریا لەپای ئەو کوشتارە بوو رژێمەکەی ئەسەد دژ بەگەلەکەی ئەنجامیدا. ئۆباما لەوبارەیەوە گوتی "ئێستا ئێمە ئاراستەی مەسەلەکەمان بەرەو دیبلۆماسییەت گۆڕیوە، ئەوە ھەلێکی باشە بۆ چارەسەری یەکجارەکی قەیرانەکە بەمەرجێ ھەڵسەنگاندنی بۆبکرێ، بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بێ حورمەتیکردنە بەکەرامەتی ئینسان، ئێستا ئامانجی سەرەکیمان کۆتایی ھێنانە بەو چەکە مەترسیدارە".