Dlshad Saifaalddin Ahmed
31 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف رایگەیاند "رێککەوتنی نێوان سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ چەکدارانی داعش و گواستنەوەیان بۆ ناوچە سنوورییەکانی عێراق، سەرەتا پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و خاکی ئەم وڵاتە بووەتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان و سنوورەکانی ئەم وڵاتە کراوەیە".
ئەشواق جاف لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: " بەبڕوای من ھۆکارێکی تری ئەو جوڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەمریکا ئێستا ھەوڵی ئەوە دەدات ھەژموونی ئێران و کۆنترۆڵکردنی بڕیارەکانی عێراق لە لایەن ئێرانەوە کەم بکاتەوە، بۆیە تەغزیەکردنی نفوزی داعش لە عێراق لە رێگەی ئەم گواستنەوە و ھێنانەوەیان بۆ سنوورەکانی عێراق بۆ ئەوەیە شەڕی داعش بەردەوامی ھەبێت و ئەمریکا کە بەشێکە لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان بەردەوام بێت لە شەڕی دژ بە داعش و کاتی ئەوەی نەبێت ئەو پلانەی سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ جێبەجێ بکات کە بڕیاریداوە بە دژایەتیکردنی ھەژموونی ئێران لەسەر عێراق".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، کە دیوی دووەمی پلانەکە پەیوەندی بە ململانێکانی نێوان مالیکی و عەبادی ھەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت "دوای ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی داعش ھاتنە ناو عێراق و یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکە کەوتە دەست داعش، لە ئێستادا نایانەوێت دەستکەوتەکان و رزگارکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانە لەسەر دەستی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق،حەیدەر عەبادی و لە سەردەمی ئەمدا بێت، ھەمووان دەزانن ئێران پشتیوانی مالیکی دەکات و لەبەرەی دژی عەبادییە، کە ئەمریکا و بەریتانیا پشتیوانی عەبادی دەکەن و بەو سەرکەوتنانە ئەم بەرەیە سەردەکەوێت".
ئەشواق جاف کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ماوەی دوو خولە پەرلەمانتاری عێراقە ھۆکارەکانی سەرەتای سەرھەڵدانی داعش روون دەکاتەوە و دەڵێت "لەپێش سەرھەڵدانی داعش ئەگەر بەدواداچوون بۆ قسەکانی جێگری سەرکۆماری عێراق، ئوسامە نوجێفی بکەن کە لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی پێکرد بەوەی لە وڵاتێکی دراوسێ پێیان گوتبوو ئەگەر پشتگیری کەسێک نەکەن ئەوکات مووسڵ دەکەوێتە دەست داعشەوە، ئەو کەسانەشی کە سەرەتا داعشیان ھێنا پێشبینی ئەوەیان نەکرد داعش لەماوەیەکی کەمدا بگاتە شارەکانی دیکەی وەک سەڵاحەدین و کارەساتی سپایکەر بنێتەوە، بۆیە ئێستا ھیچی شاراوە نەماوە و ئەگەر ئەو لێدوانانە و وێنەکانی ئێستای گواستنەوەی ئەو چەکدارانەی داعش بەراورد بکرێت، ئەوکات ئەوە بەتەواوی روون دەبێتەوە بۆ دانیشتوانی عێراقی کە کێ لەپشت داعشەوەیە و بۆچی و چ مەبەستێک ھێنراوە".
جاف نیگەرانی خۆی نیشاندا لە سیاسەتی عێراق بەرامبەر بە سووریا و پشتیوانی کردنی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و گوتی: "بەداخەوە سیاسەتمەدارەکانی عێراق سیاسەتێکی دووفاقی پەیڕەو دەکەن و ھەڵسوکەوتەکانیان لە بەرژەوەندی وڵاتێکی دیکە دەردەبڕن، ئەوەی ئێستا روویداوە پێشێلکاری سەرەوری عێراقە بەڵام کەس باسی لێوە ناکات، لە کاتێکدا عێراق ھێزی ناردووە بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد، بەڵام ئەگەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ وەک تورکیا و سعوودیە بێت دەڵێن سیادەی عێراقیان پێشێل کردووە، بۆیە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی نییە و ئێران بڕیارەکان دەدات و عێراق جێبەجێان دەکات".
لە دوای بڵاوبونەوەی ھەواڵی رێککەوتنی نێوان سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ چەکدارانی داعش و بڵاوبوونەوەی وێنەی گواستنەوەی ئەو چەکدارانە لە لایەن ئەو دوو لایەنەوە بۆ سنوورەکانی عێراق، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەو پەرلەمانتارەی عێراقیش ئاماژە دەکات بەوەی "دەسەڵاتدارانی عێراق ھیچ ھەڵوێستێکیان نییە بەھۆی ئەوەی بڕیارەکان لە دەرەوە دەدرێت، بەڵام لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی نیگەرانی و ناڕەزایی زۆر ھەیە".