Ata Ufuk Şeker
01 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
بڕۆکسل- AA
یەکێتیی ئەورووپا، بەهۆی رەشنووسی برێکست، قۆناغی یاسایی دژبە بەڕیتانیا دەستپێکرد.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە، ئورسولا فۆن دێر لێیەن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا داوای لە حکوومەتی لەندەن کردووە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول چەند بەندێکی رەشنووسی برێکست لاببات کە کێشەیان لەسەرە.
فۆن دێر لێیەن گوتی: "رەشنووسەکە، رێککەوتننامەی برێکست پێشێل دەکات. قبوڵکردنی ئەم رەشنووسە پێچەوانەی پڕۆتۆکۆڵی ئیرلەندا و باکووری ئیرلەندایە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە بەندە کێشەلەسەرەکان لانەبراون، هەر بۆیە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریدا تەبلیغی فەرمی ئاراستەی حکوومەتی لەندەن بکات، ئەمەش یەکەم قۆناغی ماوەی ماوەی یاسایە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لەوەش کردەوە کە بەریتانیا پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بەفەرمی وەڵام بداتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەگوێرەی رێککەوتننامەی برێکست کە ساڵی پار واژوو کراوە، ئەگەر بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا جیاببێتەوە، یەکێتی گومرکی باکووری ئیرلەندا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بەپارێزراوی دەمێنێتەوە.
بەڵام رەشنووسی برێکست لە پرسی بازرگانیی نێوان باکووری ئێرلەندا و بەریتانیا، دەسەڵاتی زیاتر دەداتە وەزیرە بەریتانییەکان.