Selen Temizer
13 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2021
بڕۆکسل- AA
نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی یەکێتی ئەورووپا، جۆزێف بۆرێل، ئیدانەی ئەو توندوتیژییانەی کرد کە لە ئێستادا لە ئەفغانستان روودەدەن، داواشی لە حکومەتی کابوڵ کرد پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان دروست بکات و پێشنیازی دووبارە گەڕانەوە بۆسەر مێزی دانوستانیشی دایە بزووتنەوەی تاڵیبان.
بۆرێل، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە بەردەوامی پەلامارەکانی تاڵیبان، بەتەواوی پێشێلی بەڵێنەکانی قۆناغی ئاشتی دۆحە و هەوڵەکانی بە دانوستان چارەسەر کردنی پێکدادانەکانە.
ناوبراو، ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە یەکێتی ئەورووپا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان دەکات و نوسیوویەتی: "هانی چارەسەرکردنی جیاوازییە سیاسییەکانی ئەفغانستان، زیادکردنی رۆڵی سەرجەم لایەنەکان و دروستکردنی رەهەندێکی هاوبەش بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان دەدەین".
نوێنەرەکەی یەکێتی ئەورووپا، جەختی لەوەش کردوەتەوە کە یەکێتییەکە ئامانجیەتی پشتیوانییەکانی بۆ گەلی ئەفغان درێژە پێبدات بەو مەرجەی کە چارەسەرێکی گشتگیر و ئاشتییانە بۆ پرسی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە و تیایدا رێز لە سەرجەم مافەکانی ژنان، گەنجان و کەمینەکان بگیردرێت.
جۆزێف بۆرێل، داواشی لە تاڵیبان کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە راستەوخۆ توندوتیژییەکان بوەستێندرێن و ئاگربەستێکی هەمیشەیی رابگەیەندرێت.
بۆرێل، جەختی لەوەش کردوەتەوە کە ژنان و کچانی ئەفغان لە ٢٠ ساڵی رابردوودا و بەتایبەت لە بواری پەروەردە دا دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە و نوسیوویشیەتی: "ئەگەر تاڵیبان بەزۆر دەسەڵات بگرێتەدەست و دووبارە ئەمارەتێکی ئیسلامی رابگەیەنێت ئەوا رووبەڕووی دانپیادانەنان، پەراوێز خستن و کەمبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان دەبێتەوە و پێکدادانەکانیش لە ئەفغانستان بۆ ماوەیەکی دریژ بەردەوامدەبن".
تەواوی ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە تەنها لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا تاڵیبان ١٥ ویلایەتی ئەفغانستان-ی کۆنتڕۆڵ کردووە.