Zana Natık Kerem
21 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2019
یەمەن ــ AA
لە باشووری پارێزگای حودەیدە رۆژئاوای یەمەن، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكوومەت و چەكدارانی حووسی روویدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە خۆجێیەكان دەستیكەوتووە، شەڕ و پێكدادانەكە لە نێوان هێزەكانی حكوومەت و چەكدارانی حووسی لە شارۆچكەی توحیتا و چەند ناوچەیەكی دیكەی باشووری شاری حودەیدە روویداوە.
هاوكات هێزەكانی سەربە سەرۆكی یەمەن، عەبد رەبە مەنسور هادی رایانگەیاند كە میلیشیاكانی حووسی بە چەكی قورس چەند خاڵێكی هێزە هاوبەشەكانیان لە شارۆچكەی توحیتا باشووری پارێزگای حودەیدە بۆردومانكردووە.
هێزەكانی سەربە عەبد رەبە مەنسور هادی ئاماژەیان بەوەشداوە كە حووسییەكان رۆژانە خاڵی هێزە هاوبەشەكان لە ناوچە جیاجیاكانی حودەیدە بۆردومان دەكەن كە ئەویش پێشێلكردنی ئاگربەست و رێككەوتنەكەی سویدە.
لای خۆیانەوە حووسییەكان، هێزەكانی حكوومەتی یەمەن-یان بەوە تۆمەتبار كرد كە بە چەكی قورس هێرشیان كردووەتە سەر پێگەی چەكدارەكانیان لە ناوچەكانی باشووری شاری حودەدیدە.
سێ رۆژ لەمەوبەر شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكوومەت و میلیشیاكانی حووسی لە دەورووبەری شاری حودەدیدە روویدابوو كە بەهۆیەوە ژمارەیەك سەرباز و چەكدار لە هەردوولا كوژران و برینداربوون.