1 23
20 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2017
ھەڵەبجە – AA
بە دروشمی "بیرکردنەوە، قسەکردن، خوێندن و نووسین بە زمانی ھەورامیی" و بە چاودێری پارێزگاری ھەڵەبجە، دەستەیەک لە رۆشنبیرانی ھەورامان کۆنفرانسی ھەورامانناسییان رێکخست و ئەمڕۆ دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیاریشە دوو رۆژ بخایەنێت و چەند پانێڵێکی جیاواز لە خۆدەگرێت و چەندین توێژینەوەی جۆراوجۆری تێدا پێشکەش بکرێت.
سەرپەرشتیاری گشتی کۆنفرانسی ھەورامانناسی، ناجح گۆڵپی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئامانجی کۆنفرانسەکەی خستە روو و گوتی: "ئەمڕۆ کارەکانی یەکەم کۆنفرانسی ھەورامانناسی دەستی پێکرد، دیارە مەبەستمان لەم کۆنفرانسە زیندوو ھێشتنەوەی کولتوور و فەرھەنگی ھەورامییە، ئێمەی ھەورامیەکانی ئەم دیو ساڵی ١٩٧٨ راگوێزراوین و پەرش و بڵاو بووین بە شارەکاندا خەریکە نەوەکانمان ھەورامیان بیردەچێتەوە بۆیە ھەوڵ دەدەین لەمەولا تاکەکانمان ھوشیار بکەینەوە لە رێگای ئەم جۆرە کۆنفرانسە و سیمینار و کۆڕی جیاوازەوە بە شێوەزاری ھەورامیی".
دەربارەی ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکەش گوتی: "ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە چەندین توێژینەوەی جۆراوجۆری گرنگ لە خۆ دەگرێت وەکو مێژووی ھەورامان و ئەدەب لە ھەورامان و رۆڵی ژن لە ھەورامان و ئایین لە ھەورامان و ھونەرەکانی تەلارسازی لە ھەورامان و کەنارخستنی ھەورامان لە بواری پەروەردە و نەبوونی میدیای ھەورامان و خۆبژێوی ھەورامییەکان".
گوتیشی: "دیارە ھەر کۆنفرانسێک کە دەبەسترێت بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گرفتێکە، ئەم کۆنفرانسەی ئێمەش بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵیک راسپاردە کۆبکرێنەوە و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت لە حکوومەت و پەرلەمان و پارێزگار و ھەورامییەکان، تا لە داھاتوودا کەم کەم بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، یەکێک لە راسپاردەکان خوێندنە بە زمانی ھەورامیی لە قوتابخانەکانی ھەوراماندا، لەگەڵ دانپیانانی زمانی ھەورامیی وەک زمانێکی فەرمی ناوچەیی لە پارێزگای ھەڵەبجە کە ئەمە لە دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە و مافی بە زمانە ناوچەییەکان داوە".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، سمکۆ سالار بە نوێنەرایەتی پارێزگاری ھەڵەبجە گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دوای دەستخۆشی لە رێکخستنی کۆنفرانسەکە گوتی: "ھەورامان ناوچەیەکی دڵگیری ئەم نیشتیمانەیە سەلیقەی ھەورامییەکانیش رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە ھەبووە، بۆیە گەر بمانەوێت لە مێژوو و کولتوور و فەرھەنگی ھەورامان رابمێنین و بیخەینە روو رەنگە بە چەندین کۆنفرانس نەتوانین ھەقی بدەینێ، بۆیە ھیوادارم لە کۆنفرانسەدا بتوانرێت مشتێ لە نموونەی کولتووری دەوڵەمەندی ھەورامان بکەنە نەخشە رێگایەک و دواتر بیخەنە بەردەم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا بتوانرێت جێبەجێکردنی ئەو نەخشە رێگایە لە پێشینەی کارەکانی پارێزگای ھەڵەبجە بێت تا بتوانرێت ھیچ نەبێت تۆزێک ھەق بە ھەورامان بدەین".
راگری پەیمانگای راھێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی سلێمانی، مامۆستا عەبدوڵڵا شێخ سەعید سەرگەتی کە بە توێژینەوەیەک دەربارەی بەڵگەنامەکانی ھەورامان بەشداریی یەکەم پانێڵی کۆنفرانسەکەی کرد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا، ئەو گوتی: "گەر ئاوڕێک لە مێژووی ھەورامان بدەینەوە پڕە لە دەسکەوت و سەروەریی کە زیندوویی نەتەوەیەک پیشان دەدات، چ لە رووی فەرھەنگی و ئابووریەوە چ لە رووی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیەوە، چونکە یەکێک لەو بابەتانەی من لە توێژنەوەکەمدا قسەم لەسەر کردووە باسی بەڵگەنامەکانی ھەورامانە لەسەر شورا، چونکە زۆر جار لە مێژوودا دەسەڵات غیابی ھەبووە بەڵام لە ھەوراماندا لەدوای سەردەمی ئەشکانی و ھەخامەنشیەکانەوە، ھەورامان توانیویەتی تایبەتمەندیەکانی خۆی بپارێزێت، بۆ نموونە ئەو کاتەی ئەسکەندەری مەقدۆنی ناوچەکەی داگیر کرد، ھەموو گەلانی ژێردەستەی ئەسکەندەر وازیان لە زمانی خۆیان ھێنا و نووسینیان بە زمانی یۆنانی دەستپێکرد، تەنھا ھەورامان وازی لە نووسینی مێخی و ئارامی نەھێنا و تایبەتمەندیی خۆی پاراست، بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە ئەو راستیانە روون دەکەنەوە".
گوتیشی: "تائێستاش لە ھەندێک لە وڵاتاندا رێگە بە ژن نادرێت بەشداریی ھەڵبژاردن بکات یان رێگە نادرێت خۆی کاندید بکات، بەڵام ھەورامان سێ بۆ چوار ھەزار ساڵ لەمەوبەر شورای ھەبووە کە بووەتە چەترێک بۆ پاراستنی مافی ھاووڵاتییان، ھەموو دێیەک سنووری جوگرافیای خۆی جیاواز بووە و شوراش سەرپەرشتی ھەموو پرسەکانی ئەو دێیەی کردووە. لە شوورای ھەوراماندا ژنان نەک مافی دەنگدانیان ھەبووە بەڵکو فەرزبووە لەسەریان دەنگ بدەن، ھەروەک مافی خۆپاڵاوتن و ئەندامێتی شوراشیان ھەبووە".
دەربارەی سنووری جوگرافی ھەورامان ئەوەی ناوی لێنراوە ھەورامان توێژەران رای جیاوازیان ھەیە ھەروەک مامۆستای زانکۆی ھەڵەبجە، رێباز لوقمان دوای پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک لە پانێلی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جیاوازی ھەیە لە نێوان توێژەراندا دەربارەی سنووری جوگرافی ناوچەی ھەورامان، ھەندێک لە توێژەران بە پێی سنووری دەسەڵاتی سانەکانی ناوچەی ھەورامان ئەو سنوورەیان دیاری کردووە، ھەندێک سەرچاوەش ئەو ناوچەیە بە سنووری جوگرافی ھەورامان دەزانن کە کاریگەری کولتووری ھەورامیی لەسەر دروست بووە، بەڵام ئەمە لە رووی ئەکادیمیەوە راست نییە، چونکە ئەو گۆڕانکاریانەی روویانداوە وای کردووە کاریگەری کولتووری ھەورامیی سنوورەکانی تێپەڕاندووە، بۆیە ناتوانیت سنووری جوگرافی ببەستیتەوە بە کاریگەریی کولتووری ھەورامیی لەسەر ئەو شوێنەی تێیدایە و بە سنووری ھەورامانی دابنێی".
گوتیشی: "بەڵام ئەوەی ئێستا وەکو ئەکادیمیان دامان ناوە لەبارەی جوگرافیای ھەورامانەوە تەنھا ناوچەیەکی شاخاویە لە باکووری خۆرھەڵاتی ھەڵەبجەوە لەبانیشارەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە بەرەو بنار بۆ ھاوار و ھاوارەکۆن و لەوێوە بەرەو ھەورامانی ئەودیو، بەڵام بە گشتی ھەورامان لە بەرزایی هەزارو١٦١ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە لە دەرەشیشەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئاستی دوو هەزارو٥٤١ مەتر لە رووی دەریاوە لە شاخی ھەورامان کە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شارەدێی تەوێڵەوە".
دەربارەی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی ھەورامانیش ئەو توێژەرە رایگەیاند "بە پێی ئامارە فەرمیەکان ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی ھەورامان لە بەشی کوردستانی عێراق بەم شێوەیەیە لە ئاماری ساڵی ١٩٧٧دا ھاتووە 'ژمارەی دانیشتوانی ھەورامان ١٧ هەزار و ٢٠٠ کەس بووە کە لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی ھەڵەبجە ٩١ هەزار و٩٣١ کەس بووە، واتە لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی ھەورامان ١٨.٧%ی سەرجەمی دانیشتوانی ئەو کاتی ھەڵەبجەی پێکھێناوە. لە ٢٠١٢دا ژمارەی دانیشتوانی ھەورامان بۆ ٧ هەزار و ٨٨٦ کەس کەمی کردووە کە ئەوکات رێژەکە دابەزیوە بۆ ٨%ی پێکھێنەری ژمارەی دانیشتوانی ھەڵەبجە".
سەبارەت بە ھۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانیش ئەو مامۆستایەی زانکۆی ھەڵەبجە گوتی: "ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسیەی بەسەر ناوچەکەدا ھاتووە کە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە رژێمی ئەو کاتی عێراق دانیشتوانی ناوچەکەی راگوێزاوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی وەکو خورماڵ و سیروان و زەمەقی و بایجان و ھیتر، ھەروەھا بەرکەوتنی کیمیاویی لە کاتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەرھەندێ ناوچەی ھەورامان وەکو ئەحمەدئاوا و زەڵم و دەگا شێخان، جگە لەوەش لەم ساڵانەی دواتردا و تا ساڵی ٢٠٠٣ ناوچەی ھەورامان لە بارودۆخێکی سیاسی خراپدا بووە، بە تایبەتی بوونی چەکدارانی توندڕەوی ئەنسارولئیسلام، ناوچەی دەرکەری دانیشتوان بووە نەک ناوچەی لەخۆگرتنی دانیشتوان".