Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2019
ھەڵەبجە ـ AA
ماراسۆنەکە لە لایەن تۆڕی رێکخراوەکانی ھەڵەبجەوە بە بۆنەی یادی کیمیابارانکردنی شارەکە رێکخرا، سەرەتا لە شارۆچکەی سیروان لە خوارووی ھەڵەبجەوە دەستیپێکرد و بە درێژایی پێنج ھەزار مەتر وەک ئاماژەیەک بە پێنج ھەزار قوربانی کارەساتە بەشداربووان رایانکرد و لەنێو کۆلێجی وەرزشی ھەڵەبجە بە کۆتا ھات.

لە ماراسۆنەکەدا سەدان کەس لە کوڕان و کچان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش بەشداربوون و لە کۆتایشدا خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەم لەسەر ئاستی ھەردوو رەگەز پێشکەش کران.

یەک لە سەرپەرشتیارانی ماراسۆنەکە، ئەرسەلان عابید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ساڵی سێیەمە ئەم ماراسۆنە بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ ژمارەیەکی زیاتری یاریزانان لە ھەردوو رەگەز بەشدارییان کردووە".

بنار محمد تەمەن ٢٨ ساڵان یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەکەمی ماراسۆنەکە بوو لەسەر ئاستی کوڕان، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دڵخۆشم بەو ئەنجامە و جاری سێیەمە یەکەم دەبم لەم ماراسۆنەدا، ماراسۆنەکە یەکێکە لە سەرکەوتوترین چالاکییەکانی ھەرێم و عێراق و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەنجامدرا".