Salim Xemexan
16 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2017
ھەڵەبجە - AA
مەراسیمەکە کە بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەمیوانان و کۆنسوڵی وڵاتان و پەرلەمانتارانی کورد، بەڕێوەچوو بەچەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و دەقیقەیەک بۆ گیانی شەھیدان و مارشی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد، پاشتریش ھەریەکە لە پارێزگاری ھەڵەبجە بەوەکالەت و وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان گوتەیان پێشکەش کرد و دواتریش گوتاری کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە خوێنرایەوە.
پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکەش تاجە گوڵینەی رێزلێنان لەسەر رووفاتی ئەو قوربانیانی کیمیاباران دانرا کە رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لەدوو شوێنی جیاوازی شارەکە دەرھێنرابوونەوە.
لە گوتەکەیدا پارێزگاری ھەڵەبجە بەوەکالەت، عەلی عوسمان بەخێرھاتنی میوانانی کرد و، گوتی: "وەک لای ھەمووان ئاشکرایە حکوومەتی پێشووی عێراق بەچەکی داپڵۆسێنەر ئەم شارەی خاپوور کرد، بۆیە حکوومەتی ئێستای عێراق وەک میراتگری ئەو حکوومەتە لەسەریەتی ئەرکی خزمەتکردن و قەرەبوونکردنەوەی ئەم شارە و ئاوەدانکردنەوەی لەئەستۆ بگرێت، بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کە ئەمڕۆ ھاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم مەراسیمە لە کۆبوونەوەیەدایە، داواکاریەکانی ھەڵەبجەمان ئاراستە کردووە و داواکارین بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت و ھیواداریشین ٢٩یەمین ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە ببتە سەرچاوەی کۆتایی پێھاتنی سەرجەم قەیرانەکانی ھەرێم و ئاشتی یەکجارەکی لەسەرتاسەری کوردستان و ناوچەکە و ھەموو جیھان بەرقەرار بێت"
دواتر وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەحمود حاجی ساڵح گوتارێکی پێشکەش کرد کە لەبەشیکیدا ھاتبوو "ئەمڕۆ ئێمە بەڕێزەوە لەحزووری رووفاتی دوو لە شەھیدانی مەرگەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا وەستاوین و بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە پارێزەری رێبازی ئەو شەھیدانە و سەرجەم شەھیدانی گەلی کوردستان بین".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو کار و دەستکەوتانە کرد کە لە رێگەی وەزارەتەکەیانەوە بۆ قوربانیان و شەھیدانی کوردستان بەگشتی و ھەڵەبجە بەتایبەت دابین کراون.
پاشتر لە کاتژمێر ١١:٠٠ خولەک و وەک یادھێنانەی ساتی کەوتنە خوارەوەی یەکەمین بۆمبی کیمیاوی لە رۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، ئامادەبووان ھاوکات لەگەڵ تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەبێدەنگی وەستان.
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە کە نوێنەرایەتی فەرمی کەسوکاری شەھیدان و قوربانیانی شارەکە دەکات، دوا گوتاری مەراسیمەکەیان پێشکەش کرد و پاشتریش بەبەخشینی مەدالیای رێزلێنان بەتاقانەکانی ھەڵەبجە و دواتریش ژمارەیەک گۆرانی و سروود کۆتایی بەمەراسیمەکە ھات.
لە گوتارەکەی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان، لوقمان عەبدولقادر پێشکەشی کرد ھاتبوو "٢٩ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر یەکێک لە گەورەترین تاوانە کۆمەڵکوژیەکان لەسەدەی رابردوودا، کە تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجەیە، شارەکەی ئێمە بووبە یەکێک لە گەورەترین قوربانیەکانی رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی، ئێستاش کە یادی ئەم مەرگەساتە دەکەینەوە، ھێشتا شەڕی تیرۆر یەخەی بەرنەداوین، رۆڵەکانمان بەگیانفیدایی خۆیان لەجیاتی ھەموو دونیا خەریکی سڕینەوەی مەترسیەکانی تیرۆرن لە ناوچەکەدا".
لەدرێژەی گوتارەکەیدا سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە گوتی:"ھەڵەبجە لە پێناو ئامانجەکانی گەلی کوردستاندا خۆی کردە قوربانی، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامانجانە بەھۆی ناتەبایی لایەنە سیاسیەکانەوە، وردە وردە کاڵ دەبنەوە، بۆیە داواکارین لایەنە سیاسیەکان یەک دەنگ و تەبا بن، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ھەلەمان لەدەست نەچێت، ئەوەش لە دەرەنجامی نەخوێندنەوەی یەکتری و نەبوونی گیانی یەکتر قبووڵکردن لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندایە، کە خۆی لەخۆیدا پشتگوێخستنی مێژوومان و خوێنی شەھیدان و شکاندنی ئەو پەیمانەیە کە لەگەڵ شەھیدەکانماندا بەستوومانە، ھەڵەبجە داوا لەبەرپرسان و لایەنە سیاسیەکان دەکات، کە خەمی شار و نیشتیمان لە کۆڵ بنێن، نەک بەپێچەوانەوە ببنە باری سەربار بەسەر شانی نیشتیمانەوە، روحی شەھیدان بەبەدیھێنانی خەونەکانیان و دڵخۆشکردنی کەسوکاریان ئاسوودە دەبێت و کەسوکاری شەھیدان داوای یەکڕیزی و تەبایی لەلایەنە سیاسیەکان دەکەن".
ئەمە و بڕیارە لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی ٢٩یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆری تر بەڕێوەبچن لە گرنگترینیان، سازکردنی پانێلێکە لەلایەن بەشی یاسای زانکۆی ھەڵەبجەوە بەناونیشانی "بیست و نۆساڵەی جینۆسایدی ھەڵەبجە و قەرەبووکردنەوە و بەنێودەوڵەتیکردنی"، لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاک سپاردنەوەی رووفاتی ئەو شەھیدانەی رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لەلایەن تیمی پسپۆڕی کیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە بەھاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ھەڵگیرانەوە.
پاشتریش بڕیارە ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆری تری ئەدەبی و ھونەریی و وەرزشی بەڕێوە بچن.