واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جۆن كێربی گوتی: " ھێرشەكانی ھاوپەیمانی جیھانی بە پێشەنگی ئەمریكا بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عێراق بوونە ھۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەست بە گۆڕینی تاكتیك بكەن."
كێربی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە بارەی ھێرشەكانی ھاوپەیمانی جیھانی بۆ سەر داعش گوتی: "زیاتر لە یەك هەفتەیە ھێرشەكانی ھاوپەیمانی جیھانی بە پێشەنگی ئەمریكا لە دژی داعش لە سوریا و عێراق دەستیان پێكردووە و لە ماوەی ئەو یەك هەفتەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگەكانی تیرۆریستان ئەنجامدراون و ٢٣٠ لەو ھێرشانە لە عێراق و ٧٦ ھێرشی دیكەش لە سوریا ئەنجامدراون و ھەوڵەكان بۆ دەستنیشانكردنی زەرەر و زیانەكانی تیرۆریستانی داعشیش بەردەوامن".
كێربی لە وەڵامی پرسیاری ئایا دوای ھێرشە ئاسمانییەكان ھێزی تیرۆریستانی داعش چۆن دەبینن؟ گوتی: "پێم وایە داعش ھێشتا خاوەن ھێزێكی كاریگەرە، بەڵام ئەمە نابێتە ھۆی ئەوەی كە داعش كەمتر یا زیاتر مەترسیدار بێ، بۆیە لە چوارچێوەی رێنماییە سەربازییەكانی ئەمریكا و رێنماییەكانی ھاوپەیمانی جیھانی گوشارەكان بۆ سەر داعش بەردەوام دەبن."
كێربی لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا جەختی لەوە كردەوە كە خەرجییەكانی رۆژانەی ھێرشە ئاسمانییەكان حەفت تا ١٠ ملیۆن دۆلارە بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كات ئەو خەرجیانەش زیاتر دەبن.