Mazın Asad
06 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2018
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبینزیا ئاماژەی بەوە دا کە بەھۆی قەیرانی سیخورەکەوە، بەریتانیا دەیەوێت پەیوەندی رووسیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە ژەھراوی بکات و گوتیشی: "لەگەڵ ئاگر یاری دەکەن، خەم دەخۆن".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا لەبارەی رووداوی ژەھراویکردنی سیخوری پێشووی رووسی سێرگی سکریپاڵ و کچەکە یولیا لە شاری سالیسبوری لە بەریتانیا کۆبووەوە.
نوێنەری ھەمیشەیی ھەریەک لە وڵاتانی رووسیا و بەریتانیا لەبارەی رووداوەکەوە یەکتریان تۆمەتبار کرد.
نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبینزیا تۆمەتەکانی تێوەگڵانی رووسیا بە رووداوی ژەھراویکردنی سکریپاڵ و کچەکەی یولیا رەتکردەوە و رایگەیاند: "لەندەن دەستی بە ژەھراویکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە کرد".
نیبینزیا بەریتانیای بە پرۆپاگەندەکردن بەرامبەر بە رووسیا تۆمەتبار کرد و گوتی: "ناتاندەتوانی چیرۆکێکی ساختەی باشتر بخەنەڕوو؟"
نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا ھۆشداری بە بەریتانیا دا و رایگەیاند: "لەگەڵ ئاگر یاری دەکەن، خەم دەخۆن".
لە لای خۆیەوە نوێنەری ھەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کارین پێرس ئاماژەی بەوە دا کە ھیچ شتێک نییە بەریتانیا بیشارێتەوە و گوتی: "وانە لە وڵاتێک وەرناگرم کە رێگری لە لێکۆڵینەوەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دەکات".