Zana Natık Kerem
03 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2019
تاران ــ AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی وەک ھۆشدارییەک رایگەیاند کە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا پابەند نەبن بە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوا لە دوای حەوتی تەمووزەوە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەو ئاستەی کە پێوستیانە، بەرزدەکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا دێت گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاد دەبێت کە بە ھۆی کشانەوەی واشنتۆن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ھاتووەتە ئاوارەوە.
حەسەن روحانی لە کۆبوونەوەی حکوومەتەکەی لە تاران گوتی: "پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٣،٦٧ لەسەدا نامێنێتەوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی جێگیرکراوە، بەڵکو لە دوای حەوتی تەمووزەوە رێژەکە بۆ ئەو ئاستەی کە پێوستیمانە، بەرزدەکەینەوە".
ئاماژە بەوە دەکرێت ئەگەر ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٣،٦٧ لەسەدا تێپەڕێنێت، ئەوا ئەو رێژەیە تێدەپەڕێنێت کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمییدا، جێگیرکراوە.
سەرکۆماری ئێران گوتیشی: "ئامۆژگاری ئەورووپا و ئەمریکا دەکەین بەباشی بیر بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستانەکان".
وەک ئاماژەیەک بۆ ئەورووپا و ئەمریکا، سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی گوتی: "رێزلە یاسا و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرن، بەو شێوەیە ھەمووان دەتوانین پابەندبین بە رێککەوتنی ئەتۆمی".
پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشکرایکردبوو، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو سنوورەی تێپەڕاندووە کە لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا بە ٣٠٠ کیلۆگرام یان ٣،٦٧ لەسەدا جێگیرکراوە.