Rewa Mahmut Hasan
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی موون: "نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی زۆر باوەڕپێکراوی دەربارەی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لە حەلەب بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانی ھێزەکانی لایەنگرانی حکوومەت و کوشتن بەرێگەی لەسێدارەدان بەدەست گەیشتووە. گرتەڤیدیۆکانی سوتانی لاشەی مرۆڤەکان لەسەر شەقامەکان دوای ھێرشە ئاسمانییەکانمان بینی کە مرۆڤ دووچاری شۆک دەکات".
لەسەر داوای فەڕەنسا و بەریتانیا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاووتوێ کردنی پرسی حەلەب بەپەلە کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بان کی موون ئاماژەی بەو رەشەکوژییە کرد کە لە شاری حەلەب ئەنجام دراوەو لەوبارەیەوە گوتی "نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی زۆر باوەڕپێکراوی دەربارەی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لە حەلەب بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانی ھێزەکانی لایەنگرانی حکوومەت و کوشتن بەرێگەی لەسێدارەدان بەدەست گەیشتووە. گرتەڤیدیۆکانی سوتانی لاشەی مرۆڤەکان لەسەر شەقامەکان دوای ھێرشە ئاسمانییەکانمان بینی کە مرۆڤ دووچاری شۆک دەکات".
بان کی موون ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی بەدەست گەیشتووە لە سەر هەندێک لە گەڕەکەکان و ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ و کەسانی مەدەنی کوژراون و گەنجێکی زۆریش لەلایەن رژێمەوە دەستگیر کراون و بەزۆر براون بۆ جەنگ.
بان کی موون ئاماژەی بەوەدا کە بە نێوەندگیری تورکیا و رووسیا لایەنەکان دانوستانەکانیان بەردەوامە بۆ گواستنەوەی کەسانی مەدەنی گەمارۆدراو لە حەلەب و پشتگیری خۆشی بۆ هەوڵەکان دووپات کردەوەو داواشی کرد کە هەموو لایەک بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێ بگەیەنن بۆ کردنەوەی رارەوی مرۆیی ئەمنی و مامەڵەی گونجاو مرۆیی لەگەڵ ئەوانەی خۆیان بەدەستەوە دەدەن.
بان کی موون بانگهێشتی رژێمی سووریا و ئێران و رووسیای کردو گوتی "لێرەوە بانگەواز دەکەم بۆ سووریاو و هاوپمانەکانی، رووسیا و ئێران کە رێز لە بەرپرسیارێتییەکانیان بگرن بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێگە بدەن کەسانی سڤیل لە حەلەب شارەکە بەجێ بهێڵن و رێکخراوەکانی بەهاناوەچوون یارمەتییە مرۆییەکانیان بگەیەننە شارەکە".