Mehmet Tosun
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
نیویۆرک - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لە پێواژووی بەرەو ١٠٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، باڵەخانەی ماڵی تورکان، دەبێتە رەنگدانەوەی پێگەی وڵاتەکەیان لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی رێورەسمی کردنەوەی ماڵی تورکان کە ھەریەک لە نوێنەرایەتی ھەمیشەیی تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە نیویۆرک لە خۆدەگرێت، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی ماڵی تورکانیان داناوە و ئەمڕۆ دەیکەنەوە.
سەرکۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، جگە لە نوێنەرایەتی ھەمیشەیی تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە نیویۆرک، ھاوکات نوێنەرایەتی کۆماری قوبرسی تورکی باکوور لە نیویۆرک، لە ماڵی تورکان چالاکییەکانی ئەنجام دەدات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ماڵی تورکان رایگەیاند: "تورکیا بەم شاکارە، سەرخانێکی بنیات نا کە مەزنیی، ئەزموونی و ھێزی ھەڵکشاوی دەردەخات".
ھەروەھا گوتی: "لە پێواژووی بەرەو ١٠٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماردا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، باڵەخانەی ماڵی تورکان، دەبێتە رەنگدانەوەی پێگەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا".
لە رێورەسمەکەدا ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار، وەزیری بازرگانی، مەھمەت مووش، وەزیری کولتوور و گەشتیاریی، مەھمەت نووری ئەرسۆی، بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، بینالی یڵدرم، باڵیۆزی تورکیا لە واشنتۆن، حەسەن موراد مەرجان و نوێنەرانی وڵاتان بەشدارییان کرد.
ماڵی تورکان رووبەرەکەی نزیکەی ٢٠ ھەزار مەتر چوارگۆشەیە، بەرزییەکەی ١٧١ مەترە و بەرامبەر باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکانە، تەنیشتی پلازای نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵەخانەی نوێنەرایەتی ھەمیشەیی ئەمریکایە لە نەتەوەیەکگرتووەکان.