Mahmut Atanur
11 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2021
جاکارتا - AA
بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵمەتی گەڕان و پشکنین لەو ناوچەیە بەردەوامە کە فڕۆکە ئێندۆنیزییەکەی لێ کەوتبووە خوارەوە.
رێکخەری ئاژانسی گەڕان و پشکنینی نیشتمانی، راسمان' رایگەیاند کە، ئەمڕۆ کارەکانی گەڕان و پشکنین لەو ناوچەیەی فڕۆکەکەی لێ کەوتووتە خوارەوە بە بەشداری ٥٣ کەشتی ئەنجام دراوە.
راسمان تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە دوو ھەزار و ٦٠٠ کارمەند لە شەش خاڵی جیاوازدا بەردەوامن لە کارەکانیان و لە رێگای ژێرئاوگەڕە تایبەتییەکانیشەوە ھەوڵی دۆزینەوەی تەرمی سەرنشینانی ناوفڕۆکەکە و پارچەکانی فڕۆکەکە دەدەن.
ھەرچەند دوێنێ یهكشهممه، شوێنی کەوتنەخوارەوەی سندوقی رەشی فڕۆکەکە دەستنیشان کرا بەڵام نەتواندرا دەربھێندرێتەوە.
لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بە دەرھێنانی سندوقە رەشەکە ھۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەزاندرێت، تا ئێستا لێدوانی فەرمیی نەدراوە سەبارەت بە ھۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.
وەزیری گواستنەوە، کاریا سومادی ٩ی کانوونی دووەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە دوای پێنج خولەک لە بە رێکەوتنی فڕۆکەکە پەیوەندی لەگەڵدا پچڕاوە. فڕۆکەکە بە تیمی فڕۆکەوانییەکەیەوە ٦٢ سەرنشینی تێدا بووە و، لەو خاڵە کەوتووەتە خوارەوە کە دەکەوێتە نێوان ناوچە ئاوییەکانی دوورگەی لاکانگ و لاکی لە باکووری جاکارتا.