Gökhan Kavak
30 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2023
ئیستانبوڵ - AA
لە دوای هەر یەک لە سوودان، چاد، مالی، بورکینا فاسۆ و نیجەر، لە گابۆن-یش لە پاش هەڵبژاردنێکی جێ مشتومڕ سوپا دەستی گرت بەسەر حکوومەتدا.
- لە گابۆن سەربازان دەستیان بەسەر حکوومەتدا گرت
لە سوودان کە لە ساڵی ١٩٨٩دا عومەر حەسەن ئەلبەشیر بە کودەتایەکی سەربازیی دەسەڵاتی گرتە دەست، لە نیسانی ٢٠١٩دا بە دەستوەردانێکی سەربازیی لەسەر دەسەڵات لابرا.
دوای کودەتاکە، وڵاتەکە ڕاپێچی جەنگی ناوخۆیی کرا و هێشتا نەتوانراوە سەقامگیری تیایدا فەراهەم بێت.
لە وڵاتی بورکینا فاسۆ کە لە پاش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٦٠ەوە تا ئێستا زۆر کودەتای سەربازیی بەخۆوە بینیوە، سوپا بە بیانووی ڕەوشی ئەمنیی وڵات لە ئەیلوولی ٢٠٢٠دا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و نەقیب ئیبراهیم ترائۆری بووە سەرکردەی وڵاتەکە.
لە وڵاتی مالی، دەسەڵاتی سەربازیی کە لە ئابی ٢٠٢٠دا لە پاش ڕووخانی ئیبراهیم ئهبوبهکر کیتا دەسەڵاتی گرتە دەست، بەهۆی خواستی باڵی مەدەنی پرۆسەی ڕاگوزەر بۆ دوورخستنەوەی کوتلەی سەربازی لە کابینەی حکوومەت، لە ئایاری ٢٠٢١دا کودەتایەکی نوێ ڕوویدایەوە.
لە وڵاتی گینیای دراوسێی مالی، سەرکردەی دوورخراوە ئەلفا کۆندی دوای ئەوەی دەستووری گۆڕی و بۆ جاری سێیەم بووەوە بە کاندیدی سەرکۆمار، قۆناغی بەرەو کوتادا تیایدا سەریهەڵدا.
کۆندی ٨٢ ساڵ، هەرچەندە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بۆ جاری سێیەم بە سەرکۆمار هەڵبژێردرایەوە، بەڵام دەسەڵاتەکەی وەک ئەوەی خەونی پێوە دەدیت دەرنەچوو. کۆندی لە شەشی ئەیلوولی ٢٠٢١دا لەلایەن ملازم مامادی دۆمبۆی کە کۆندی خۆی لە ساڵی ٢٠١٨دا دەسەڵاتی پێدا، کودەتای بەسەردا کرد و لەدەسەڵات دووریخستەوە.
لە نیجەر، سەرکۆماری وڵاتەکە، محەمەد بازوم کە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ی بردەوە، لەلایەن گرووپێک سەربازەوە کە ناوی "ئەنجوومەنی نیشتمانی پاراستنی نیشتمانی"ی لەخۆی ناوە، لە ٢٦ی تەمووزی ئەمساڵدا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
دوایین کودەتای سەربازییش لە ئەفریقا، لە وڵاتی گابۆن کرا، کە ڕۆژانی کۆتایی ئەم هەفتەیە، گرووپێک سەرباز لە پاش هەڵبژاردنێکی جێ مشتومڕ کە دەستیان بەسەر حکوومەتدا گرتووە و هەڵبژاردنیان هەڵوەشاندووەتەوە و سنوورەکانی وڵاتیان داخستووە.
لە گابۆن، لە ساڵی ٢٠١٩شدا هەوڵی کودەتا ڕوویدا.
لە گابۆن کە دوایین وێستگەی زنجیرەی کودەتایە لە ئەفریقا، لە ساڵی ٢٠١٩شدا هەوڵی کودەتا درا. گابۆن کە وەک یەکێک لە وڵاتە سەقامگیرەکانی ئەفریقا دەبینرا، سەرکۆماری وڵاتەکە، عەلی بۆنگۆ کاتێک لە دەرەوەی وڵاتەکە بوو، ژمارەیەک سەرباز بە سەرکردایەتی ملازم کێلی ئۆندۆ ئۆبیانگ لە حەوتی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا دەستیان بەسەر ڕادیۆی نیشتمانیی وڵاتەکەدا گرت.
سەربازە یاخیبووەکان، لەلایەن یەکەی دەستوەردانی جەندرمەی نیشتمانی گابۆینەوە دەستگیرکران.