Mücahit Oktay
19 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
نیویۆرک - AA
ئاژانسی ناسا رایگەیاند کە کەشتییەکی ئاسمانی بە ناوی "Perseverance" بەسەرکەوتوویی لەسەر ھەسارەی مەریخ نیشتووەتەوە.
ئەو کەشتییە ئاسمانییەی ناسا کە کێشەکەی یەک تۆنە، لە دوای حەوت مانگ گەشتکردن لە کاتژمێر ١٥:٥٥ خولەک بەکاتی ئەمریکا لەسەر ھەسارەی مەریخ نیشتەوە.
پرۆسەی نیشتنەوەی ئەو کەشتییە ئاسمانییە کە لەلایەن ناساوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەخش دەکرا، بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا و چرکە ساتی یەکەمی نیشتنەوەکە بە نزیکەی ١١ خولەک دواکەوتن نیشانی خەڵکی درا بەھۆی ئەو دوورییەی کە لە نێوان مەریخ و زەوی بوونی ھەیە.
کەشتی ئاسمانی "Perseverance" لە بەرواری ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە وێستگەی ھێزەکانی ئاسمانی Cape Canaveral لە فلۆریدا بۆ بۆشای ئاسمان نێردرا و لە دوای بڕینی دووری ٤٧٠ ملیۆن کیلۆمەتر توانی بەسەرکەوتوویی لەسەر ھەسارەی مەریخ لەو کاتەی کە پێشبینی کرابوو، بنیشێتەوە.
ئەوەش راگەیەندرا کە ٢٠ کامێرا و دوو مایکرۆفۆن لەسەر ئەو کەشتییە ئاسمانییە ھەیە و بەم ھۆیەوەش چاوەڕێ دەکرێ وێنەی زۆر تایبەت بۆ جیھان بنێرێ. لە پاڵ ئەمەش ھەوڵدەدرێ ھێلیکۆپتەرێکی بچووکی نێو کەشتییەکە بفرێندرێ کە توانای تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆی ھەیە.