Cemal Sargati
20 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2016
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى سلێمانى، ئارام شوانى راگەیاند "لە ئێستادا چەندین گرفتمان هەیە لە بوارى کەرتى گەشتیارى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى ئەوانیش لەساڵانى رابردوو حکوومەتى هەرێمى کوردستان گرنگیەکى تەواوى بە کەرتى گەشتوگوزار نەدابوو، بەڵام لە دواى ساڵى 2011 حکوومەتى هەرێمى کوردستان بیرى لەوە کردەوە کە دەبێت گرنگى بدرێت بە کەرتى گەشتوگوزار لەوەش پارێزگاى سلێمانى توانى پرۆژەى باش لە بوارەکەدا جێ بەجێ بکات بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى و ئابوورى هەرێمى کوردستان نەى توانى پرۆژەى زیاتر و باشتر پێشکەش بکات".
شوانى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "گرفتێک کە رووبەڕوومان دەبێتەوە لە بوارى کەرتى گەشتوگوزار، وەربەرهێنەرەکانن کە هەوڵ دەدەن بە کەمترین ماوە و بە کەمترین بڕەپارە گەورەترین پرۆژەى گەشتیارى جێبەجێ بکەن لە ناو شاردا کە ئێمە مەبەستمانە ناوچە گەشتیارییەکان گرنگى پێ بدرێت و پرۆژە لەشوێنە گەشتیارییەکان جێبەجێ کرێت بەڵام وەبەرهێنەرەکان دەیانەویێت لەناو شاردا پرۆژەکانیان جێبەجێ بکەن کە ئەمەش گرفتى بۆ ئێمە دروستکردووە ".
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى سلێمانى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە گرفتێکى ترى کەرتى گەشتیارى لە پارێزگاى سلێمانى هاووڵاتییان خۆیانن کە پاک و خاوێنى ناوچە گەشتیارییەکان ناپارێزن و ئێمە وەک گەشتوگوزارى سلێمانى چەندین پرۆژەمان لە ناوچە گەشتیارییەکان ئەنجام داوە بەڵام هاووڵاتییان پاک و خاوێنى شوێنە گەشتیارییەکان ناپارێزن کە ئەمانە گرفتى سەرەکى کەرتى گەشتیارییە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى".
لەبارەى چارەسەرکردنى گرفتەکان ئارام شوانى رایگەیاند "حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لە قەیرانى دارایى و شەڕى داعشدایە کە ناتوانێت هیچ پرۆژەیەکى خزمەتگوزارى جێبەجێ بکات. وەبەرهێنەرەکانیش بەشێکیان گیرۆدەى حکوومەتى هەرێم بوون کە پارەیان لە لاى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە ئەو بڕەپارەیان وەرنەگرتوەتەوە بەشەکەى تریش کە ئەو بڕە پارەیەیى کە پێیەتى ناتوانێت لەم کاتەدا پرۆژەى پێ جێبەجێ بکات، گرفتى هاووڵاتییش بۆ چارەسەرکردنى دەبێت خۆى کاربکات بۆ پاک و خاوێن راگرتنى ناوچە و شوێنە گەشتیارییەکان کە ئەوەش وەک گەشتوگوزار ناتوانێت کۆنترۆڵى بکات ".
لەبارەى هاتنى گەشتیاران بۆ پارێزگاى سلێمانى و دەورووبەرى گوتەبێژى گەشتوگوزارى سلێمانى رایگەیاند "هاتنى گەشتیاران لە ماوەى ئەمساڵدا زۆر زیادى کردووە بۆ پارێزگاى سلێمانى لە چاو ساڵانى رابردوو بەوەى لە ساڵى 2013 نزیکەى سێ ملیۆن گەشتیار سەردانى پارێزگاى سلێمانی-یان کردووە، بەڵام لە ساڵى 2014دا بەهۆى شەڕى داعش ئەو رێژەیە کەمى کرد، بەڵام ئەمساڵ هاتنى گەشتیاران لە چاو سێ ساڵى رابردوو زۆر زیادى کردووە".
گوتیشى: "لەماوەى ساڵى رابردوو کۆمەلێک پرۆژى خزمەتگوزارى باشمان جێبەجێ کردووە لە بوارى کەرتى گەشتیارى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى لە ئێستاشدا کەرتى گەشتیارى لە ئاستێکى باشدایە هەوڵیشمان داوە کە زیاتر و باشتر گرنگى بە بوارى کەرتى گەشتیارى بدەین".
ئەو داواشى کرد کە هاووڵاتییان و گەشتیاران هاوکارى گەشتوگوزار بکەن لە پاک و خاوێن راگرتنى ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی".
لەماوەى هەر چوار رۆژى جەژنى قورباندا، 100 هەزار و 515 گەشتیار سەردانى سنوورى پارێزگاى سلێمانی-یان کردووە.