Kosar OSMAN
10 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری ئاماژەی بەوە كرد كە بۆردومانەكانی رووسیا بۆ سەر شاری حەلەب و دەورووبەری كێشەیەكی جدی بۆ گفتوگۆی لایەنەكانی سووریا دروست دەكات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری لەگەڵ هاوتا میسرییەكەی سامح شوكری لە واشنتۆن كۆبووەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارەكانی "ئایا پێتان وا نییە كە بۆردومانەكانی رووسیا بۆسەر سووریا كێشەی گەورە بن؟ ئایا لەم هەلومەرجەدا رازیكردنی ئۆپۆزیسیۆن سەخت نابێت؟" كە لەلایەن وەزیری دەرەوەی میسرەوە ئاراستەی كرا گوتی: "بێگومان راستە. ئەو بۆردومانانەی لەلایەن رووسیاوە بۆسەر سووریا دەكرێت، كێشەی گەورە بۆ گفتوگۆكان دروست دەكەن".
كیری رایگەیاند جارێكی دیكە بانگهێشتی حكوومەتی مۆسكۆی كردووە تا ئاگربەست رابگەیەنرێت و هاوكاری كۆمەك بۆ ئەو ناوچانە بنێردرێت كە ئێستا لەژێر گەمارۆدان و گوتی: "لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی داهاتوودا كە لە میونیخ ئەنجام دەدرێت كار بۆ ئەمە دەكەین و هەوڵ دەدەین".
كیری هەروەها جەختی زیاتری لەسەر رووسیا كردەوە و گوتی: "ئێمە لە ئاست رووداوەكانی سووریا كوێر نین و گشتیمان لێوە دیارە. رووسیا خەریكە بەم بۆردومانانەی دیداری لایەنەكانی سووریا لە جنێڤ و مێزی گفتوگۆ بەرەو ئاقارێكی خراپدا دەبات".
كیری هەروەها روونی كردەوە كە ئومیدیان بە كۆبوونەوەكەی میونیخە تا لەڕێیەوە كۆتایی بە قەیرانی سووریا بهێنن. هەروەها گوتی: "لەڕێی بۆمبی جۆراوجۆرەوە، منداڵ و ژن وبێتاوان دەكوژرێن. برسیەتی و نائارامی تەنگی بە خەڵكی سووریا هەڵچنیوە".
بەدەر لەم پرسانە هەریەك لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و میسر باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە جیهان و رەوشی هەنووكەیی لیبیاش كرد.