Sangar Hamad Azeez
11 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2017
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس: "تورکیا لە زۆرێک لە پرسەکاندا رۆڵی لە ھەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و برایەتی ھەیە. تورکیا رۆڵێکی کارای لە گرووپی نێوەندگیری دۆستان کە ھاوسەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ رێککەوتنی شارستانیەتییەکان ھەیە. ھاوکات رۆڵێکی گەورەی لە کۆبوونەوەکانی لووتکەی مرۆیی نێودەوڵەتی و پتەوکردنی پەیوەندی لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و کەم پێشکەوتوو ھەیە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە نووسینگەی دۆڵمەباهچە پێشوازی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس کرد کە بەسەردانێکی دوو رۆژە لە تورکیایە.
دوای کۆبوونەوەی نێوان یڵدرم و گوتێرێس کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "وەک تورکیا بایەخ بە ناوەندکردنی ئیستانبوڵ بۆ کۆبوونەوەی گشت دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر چەترێک دەدەین و لەوبارەیەوە بیروبۆچونی خۆمان بە بەڕێز سکرتێری گشتی راگەیاند. ھەروەھا ھەستیاری وڵاتەکەمان لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا و عێراق و بابەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش و چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە بە بەڕێز سکرتێری گشتی راگەیاند و لە پێناو ھەنگاونان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ھەمیشەیی لە ناوچەکە بۆچوونی خۆمان خستەڕوو".
ناوبراو جەختی لە رۆڵی تورکیا کردەوە و گوتی: "وەک تورکیا ھەمیشە رۆڵی ئەرێنیمان بە مەبەستی بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانەکانی ئاشتی قوبرس بینیوە. بەردەوامیش دەبین لەم ھەڵوێستەمان، بەڵام خاڵی ھەستیار لێرەدا ئەوەیە کە دەبێت داھاتووی گەلی تورک لە قوبرس بخرێتە ژێر گەرەنتی و لەمبارەیەوە پێشھاتێکی نەخوازراو نەیەتە ئاراوە. ھاوکات دەبێت ئەو ئیدارەیەی کە لەم دوورگەیە دادەمەزرێنرێت دادپەروەر بێت و نوێنەرایەتی گشت لایەنەکان بکات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا هاتە سەرباسی حەوانەوەی پەنابەران لەلایەن تورکیاوە و گوتی: "تورکیا میوانداری سێ ملیۆن پەنابەری سووری و عێراق دەکات و بۆ ئەمەش ھاوکارییەکی ئەوتۆی لە وڵاتانی دیکە پێ نەگەیشتووە. ئەمەش گشت جیھان دەبینێت. ئێمە دەمانەوێت ھەموو کەسێک ئەرکی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە جێبەجێ بکات".